ئەمڕۆ گەورەترین شارەکانی کوردستانیش بەدەم خۆپیشاندانەکانی شارەکانی ئێرانەوە چوون و لە دەیان شارو شارۆچکەی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان سازکرا.
بەپێی میدیا کوردیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە شارەکانی کرماشان، سنە، ئورمیە، لوڕستان و ئیلام ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی سیاسەتە ئابورییەکانی دەوڵەت خۆپیشاندانیان دەستپێکردووە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو بووەتەوە، خەڵکی شاری سنە لە مەیدانی ئیقبال هاتوونەتە سەر شەقام و ئۆتۆمبێلەکانیان ڕاگرتووە و دژی دەوڵەت دروشم دەڵێنەوە. لە شاری کامیاران و سەقزیش بەهەمانشێوە خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕن.
هەروەها لە پارێزگای کرماشان خەڵک ڕژاونەتە سەر شەقام و لە شاری کرماشان لە مەیدانی ئازادی خۆپیشاندان دەستیپێکردووە و خەڵک بە وتنەوەی دروشم شەقامەکانیان داخستووە.
هەر لەو چوارچێوەیەشدا لە پارێزگاکانی ئورمیە و لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی خۆپیشاندەران بە دروشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و نەغەزە، نە لوبنان گیانم بە فیدای ئێران، ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دژی گرانبوونی نرخی بەنزین پیشاندا.
هەر لە پارێزگای کرماشان لە شارەکانی؛ شاباد (ئیسلامئاوای ڕۆژئاوا)، گیلانی ڕۆژئاوا و جوانڕۆ سەرپێڵ زەهاو ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و دژی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و سیاسەتە ئابوورییەکانی دەوڵەت خۆپیشاندان دەکەن.
هەروەها باس لەوە دەکرێت بەیانی ئەمڕۆ لە شاری بانەی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ ناڕەزایەتی نیشاندان بەرامبەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، تەقە لە بەنزینخانەیەک کراوە.