لەسەر خۆپیشاندانەکان ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران راگەیاندنێکیان بڵاوکردەوە



لەسەر خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران پشتگیری خۆیان بۆ ئەو خۆپیشاندانانەو خۆپیشاندانی ئەمڕۆ کە بڕیارە لەسەرتاسەری ئێراندا زۆر گەورەبێت راگەیاند.

 
لەو راگەیاندنەدا هاتووە " پاش ڕاگەیاندنی بەرز بوونەوەی٣٠٠٪ی نرخی بێنزین لە لایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران و كوردستان لە ناڕەزایەتی بەم بڕیارە بە ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکانیان، داخستنی شەقام و جادەکان، بێزاری و بێ دەرەتانیانی خۆیان ڕاگەیاند و هێزە ئەمنیەكان دەستیان نەپاراسنو شەهید و برینداری لێ كەوتەوە".

 
دەقی راگەیاندنەکە..
 
خەڵکی عەداڵەتخواز و ئازادیخوازی ئێران
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان


پاش ڕاگەیاندنی بەرز بوونەوەی٣٠٠٪ی نرخی بێنزین لە لایەن دەوڵەتی کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران و كوردستان لە ناڕەزایەتی بەم بڕیارە بە ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکانیان، داخستنی شەقام و جادەکان، بێزاری و بێ دەرەتانیانی خۆیان ڕاگەیاند و هێزە ئەمنیەكان دەستیان نەپاراسنو شەهید و برینداری لێ كەوتەوە.
گران کردنی نرخی بێنزین کە دەبێتە هۆی گرانبوونی زیاتری هەموو پێداویستیەکانی ژیانی خەلک لە لایەن دەوڵەتەوە لە کاتێک دایە کە خەڵکی ئێران و بە تایبەتی لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا لە خراپترین دۆخی ژیان، بە ئابوورییەکی هەژارانەوە دەژین.
هەمووان دەزانن کە ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتی، بەڵام ئەوە سیاسەتە هەڵە و چەوتەکانی کۆماری ئیسلامییە کە لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتداری خۆیدا، ئەم دۆخەی بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری هێناوە. کۆماری ئیسلامی بە پرۆژە ناپێویست و زیانبارەکانی، بە دزینی و تاڵانکارییەکانی سەروەت و سامانی خەڵک و بە تەرخان کردنی دارایی خەڵکی ئێران بۆ پشتیوانی کردن لە تیرۆریزمی نێودەوڵەتی و دەست تێوەردانە ئاژاوەگێڕییەکانی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هۆکاری بەفیڕۆدانی سامانی ئێران و ئەو هەژارەییە لە ڕادەبەدەرەی خەڵکی ئێرانە.
بە پێی ڕاگەیەنراوی جەماوەری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر خەڵک لە مەیدان و شەقامە سەرەکییەکاکانی شارەکانی خۆیان دژی ئەم بڕیارەی دەوڵەت بوەستنەوە. تا نووسینی ئەم ڕاگەیاندنە (ئەگەرچی هێڵی ئێنتێرنێت لە ئێران بچڕاوە یان زۆر خاوە) خەڵک بە ڕاگرتنی ئۆتۆمبیلەکانیان لە سەر شەقام و جادەکان لە ناڕەزایەتی دەربڕێن دان.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینانەی خەڵکی ئێران بەم بڕیارە و بە دۆخی ژیانیان بە ڕەوا و بەحەق دەزانێت و پشتیوانی لێ دەکات و داواکارە تا بە چۆک داهێنانی رژیم و باندە مافیاییەکانی درێژە بە هەڵوێستی شیاو و بوێرانەیان بدەن.


ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٥ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی
١٦ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی

 


PM:09:33:16/11/2019