لە ئەڵمانیا خەڵاتی ئازایەتیی سیاسی بەسەلاحەدین دەمیرتاش بەخشرا

سەلاحەدین دەمیرتاش، سەركردەی زیندانیكراوی كوردی باكور لەلایەن دامەزراوەی هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز کە دامەزاروەیەکی نێودەوڵەتییە و بارەگای سەرەکی لە وڵاتی ئەڵمانیایە، بۆ ساڵی ٢٠١٩ خەڵاتی ئازایەتی سیاسی پێبەخشرا.

 

لە وتەیەکدا پێتر ھۆڵتکویست، وەزیری بەرگری سوید رایگەیاند"دەمیرتاش بۆ ئازادی و مافی مرۆڤی گەلی کورد لە تورکیا خەبات دەکات و ھەر لەبەر ئەم ھۆکارەش بووە ئێستا لە زیندانی تورکیادایە".

 

سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەدارێکی کوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٣دا لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP) وەکوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بۆتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لە دوای قەدەغەکردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری تورکیاوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی (BDP)، ئێستاش سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپەیە.

 

ناوبراو کوردی زازایە و دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە. دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی “کۆمەڵەی مافی مرۆڤ”بوو. ناوبراو ھەروەھا لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و “ڕێکخستنی مافی مرۆڤی تورکیا”شە.

 

لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامپەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتیپەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکرا.

 

هاوکات رێکخراوی ھاوپەیمانی پێشکەوتوخوازی سوید، ساڵانە خەڵاتێکی تایبەت پێشکەشی کەسایەتییە جیھانییەکان دەکات کە لە بواری ئازادی و مافی مرۆڤەوە کاریان کردووە.

 

رێکخراوی ھاوپەیمانی پێشکەوتوخواز رێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و بووەتە چەترێکی نێودەوڵەتی بۆ پارت و رێکخراوە چەپ و سۆسیالیست و سۆسیال دیموکراتەکانی جیھان.

 




PM:12:49:17/11/2019