مەلا بەختیار داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان،داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکات و ڕایدەگەیەنێت " مێژوونوسی كورد د. كەمال مەزهەر، كە ئێستا نەخۆشە ‌و بۆ چارەسەر لە دەرەوەی وڵاتە باری دارایی زۆر خراپە، بە هانایەوە بچن".

مەلا بەختیار، رۆژی هەینی 15-11 -2019لە میانەی  مەراسیمی چلەی پڕۆفیسۆر عیزەدین مستەفا رەسوول، كە لە هۆتێل گراند میلینیۆمی شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، وتارێكی پێشكەشكرد، کە تیادا باسی تەندروستی ‌و دۆخی دارایی مێژوونووسی كورد د.كەمال مەزهەری كرد، كە بە وتەی ئەو بارودۆخی دارایی زۆر خراپە و "بە هەزار حاڵ پارەی چارەسەری نەخۆشخانە‌ و دەرمانی دابین دەكرێت".

مەلا بەختیار وتیشی: ئێستا ئەو مێژوونووسەی كورد توانای قسەكردنی نەماوە ‌و داوا لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم بچن بە هانایەوە ‌چونكە ئەگەر د.كەمال مەزهەر بەو دۆخەوە كۆچی دوایی بكات، هەموومان شەرمەزار دەبین".

دکتۆر کەمال مەزھەر ئەحمەد لە ساڵی 1937 لە گوندی ئاغجەلەری سەر بە شاری کەرکووک لەدایکبووە و لە ساڵی 1959 لە زانکۆی بەغدا کارناسیی مێژووی وەرگرت و دواتر چوو بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، لە سۆڤیەتدا لە ساڵی 1969ی زایینی لە ئینستیتۆتی رۆژھەڵاتناسیی ئەکادیمیای زانستەکانی سۆڤیەت دکتۆرای زانستەکانی وەرگرت،لە ساڵی 1981 بە پایەی مامۆستایی لە مێژوو گەیشت. 

لە ساڵانی 1971 تاوەکو 1975ی چووە بۆ عێراق و سکرتێر و ھاوکاری سەرۆک بووە لە پرسەکانی زانستی لە فەرھەنگستانی کوردی بەغدا بوو، لە زانکۆی بەغدا لە ئینستیتۆتی گەلانی رۆژھەڵاتی نزیک و ناوین لە باکوور، ئینستیتۆتی باڵای لێکۆڵینەوەکانی نەتەوەیی و سۆسیالیستیی زانکۆی موستەنسەریە و ھەروەھا ئەنستیتۆتی لێکۆڵینەکانی عەرەبی وانەی داوە، ئەندامی یەکێتیی نووسەرەکانی کورد و ئینستیتۆتی کوردە لە پاریس.


PM:04:24:17/11/2019