بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان، حکومەتی ئێران هاوکاری دابەشدەکات

حکومەتی ئێران بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتە کە سێ رۆژە بەردەوامە، هاوکاری دەخاتە سەر حسابی ژمارەیەک خێزانی دیاریکراو.

 

حکومەتی ئێران لەمڕۆوە پرۆژەی پشتیوانی بژێوی خستووەتە بەرنامەی کارەوە و، وەک خۆیان دەڵێن، ئەو قازانجەی لە بەنزین دەستیان دەکەوێت، دەیدەدەنەوە بە ماڵە هەژارەکان.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی دەزگای بەرنامە و بودجە، پێدانی ئەو هاوکارییە بە سێ قۆناغ دەبێت، ئەمشەو یەکەم قۆناغ و دوای 4 ڕۆژ دووەم قۆناغ و دوای چەند ڕۆژێکیش سێیەم قۆناغ دەدرێت بەو خێزانانە.

 

لە پرۆژەکەی دەوڵەتدا بۆ هاوکاری خێزانە یەک نەفەرییەکان 55 هەزار تمەن، دوو کەسی 103 هەزار تمەن، سێ کەسی 138 هەزار تمەن، چوار کەسی 172 هەزار تمەن و پێنج کەسی و بۆ سەرەوە 205 هەزار تمەن وەردەگرن.


بەپێی ئەو پرۆژەیە هەموو مانگێک بڕە دیاریکراوەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکی خێزانەکە.

 

سێ رۆژە لە سەدان شار وشارۆچکەی ئێران بە تاران و شارە گەورەکانی دیشەوە خۆپیشاندانی گەورە گەورە سازدەکرێت و بەدەیان هاوڵاتی کوژراون و بەسەدانی تر بریندارن.

 

تا ئێستا نەزانراوە کە دابەشکردنی ئەو بڕە پارەیە و سەرکووتکردنی خۆپیشاندەران شەقامەکان کپ دەکاتەوە.




PM:02:58:18/11/2019