"بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین لە هەرێمی کوردستان روبەڕوی گەندەڵی ببینەوە"


ئەمڕۆ سێشەممە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک دەستیپێکرد، کە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. تێیدا جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەڕۆژی یەکەمدا ئامادە بوو ڕایگەیاند" بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین لە هەرێمی کوردستان روبەڕوی گەندەڵی ببینەوە".


قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا سەبارەت بە دۆخی عێراق  وتی" ئەو دۆخەی کە ئێستا لە عێراق دروستبووە بەهۆی ناکۆکییە نێوخۆییەکانەوە بووە، خۆپیشاندەران و خەڵکی عێراقیش داوای خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی دەکەن و ناکۆکییەکانی ناوچەکەش کاریگەریان لەسەر دۆخی عێراق هەبووە". 
 
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد" ساڵی ٢٠١٤ کوردستان رووبەڕووی زۆر قەیران بووەوە و عێراق لە خراپترین دۆخدا بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، شەڕی داعش شۆکێک بوو بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان".
 
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی و خزمەتگوزاری لە دیدارەکەدا وتیشی" ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان تووشی قەیران ببوو، پارەمان نەبوو پرۆژە ئەنجام بدەین و ئەو خۆشگوزەرانییەمان نەبوو، بەڵام وامانکرد کە چاکسازی لەنێوخۆماندابکەین و ئەو کەسانەی بندیواربوون و بە نایاسایی مووچەیان وەردەگرت توانیمان بنبڕیان بکەین و کۆمەڵێک خەرجی هەبوو کەممانکردەوە و سیستەمی خەرجکردنمان بەرەو پێشەوەبرد، لەبەرئەوە هەنگاوی چاکسازی شتێکی ئاسان نییە و هەندێکجار شتێکی قورس و بە ئازارە". 
 
قوباد تاڵەبانی پێیوایە کە دەبێت حکومەتی عێراق خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش بە خەڵکەکەی بکات و لەگەڵ کەرتی تایبەت هەماهەنگی زیاتری هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی هەیانە بۆیان چارەسەربکات و هەلی کاری زیاتریش بڕەخسێنێت.
 


AM:11:06:19/11/2019