عێراق...چۆنێتی هەمواری یاسای خانەنشینی بڵاوکرایەوە

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕادەگەیەنێت گرنگترین بڕگەكانی هەمواركردنەوەی پڕۆژەیاسای خانەنشینی ئاشكراكران و پڕۆژەیاسایەكە لە قۆناغی بوون بە یاسا تێدەپەڕێت.

ئەمڕۆ سێشەممە سەعد حەدیسی وتەبێژی حكومەتی عێراقی رایگەیاند: گرنگترین بڕگەكانی هەمواركردنەوەی یاسای خانەنیشنی سەرتاسەری ، كە پێشتر لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەرلەمان نێردرا ، ئێستا لە قۆناغی بوونە بە یاسا دایە.

حەدیسی وتیشی: دیاریترین بڕگەكان بریتین لە تەمەنی خانەنیشنی دەبێت (60) ساڵی تەواوكردبێت كە پێشتر (63) ساڵ بوو ، بەڵام ئەو چینانە جیادەكرێنەوە ، ئەوانیش (ئەوانەی یاسای خزمەتی زانكۆ دەیانگرێتەوە ، لە مامۆستا و یاریدەدەری مامۆستا ، پزیشكانی پیسپۆڕ ئەوانەی قانونی پاڵپشتی پزیشكان دەیانگرێتەوە ، دادوەر و راوێژكارە یاساییەكان لە ئەنجومەنی دەوڵەت ، فڕۆكەوانان ) .

ئاماژەی بەوەشكرد: هەموو ئەوانەی كە ( فەرمانبەرن یان وازی لە خزمەتەكەی هێناوە یان دەستیلەكاركێشاوەتەوە یاخود كۆتایی بە ئەركەكەی هێندراوە یاخود گرێبەستەكەی هەڵوەشێندراوەتەوە یانیش دەستبەرداری خزمەتەكەی بوونە ) ، لە یاسای خانەنیشنی بێ بەش ناكرێن ، بە مەرجێك تەمەنی (45) ساڵی تەواوكردبێت و (15) ساڵیش خزمەتی هەبێت .

وتیشی : ئەو فەرمانبەرەی تەمەنی (45) ساڵی تەواوكرد و (15) ساڵیش خزمەتی هەبوو ، دەتوانێت خۆی خانەنشین بكات ، لە كاتێكدا پێشتر دەبووایە تەمەنی (50) ساڵ بێت .

روونیشیكردووەتەوە: ئەو كەسەی خزمەتی (25) ساڵی هەبێت پاداشتی كۆتایی خزمەتەكەی پێدەدرێت ، كە بریتی یە لە موچەی كۆتایی بە تەواوی لەگەڵ دەرماڵەكانی 12 مانگ، ئەو كەسەش كە لەسەر دۆسییەی سیاسی لەكارلادراوە ، دەتوانێت موچەی خانەنشینی وەربگرێت ، بە مەرجێك خزمەتەكەی لە (15) ساڵ كەمتر نەبێت و تەمەنیشی لە (45) ساڵ كەمتر نەبێت .


PM:02:49:19/11/2019