ڤیدیۆ.. نوێترین هەواڵی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

سەرباری ئەو هێزە ئەمنییە زۆرە سەرکوتکارەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شارەکانی ئەو وڵاتەو بەتایبەتی بەشارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا بڵاوەی پێکردووە، بەڵام نەبۆتە هۆی کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان و تا ئێتستا لە چەندان شاری رۆژهەڵات رووبەرووبوونەوە بەردەوامە، هەرچەندە ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەر کوژراون و ژمارەیەکی بەرچاو بریندارو دەستگیرکراون.

 
لە راپۆرتەی تۆڕی مافی مرۆڤ لە کوردستاندا
دۆخی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەخرێتە روو:

 
 
مەریوان؛ سەرەڕای ڕاگەیاندنی دۆخی ئاوارتە خۆپیشاندانەکان لەم شارە بەردەوامە


سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە مەریوان باس لە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانە شەوانەکان لەو شارە دەکەن. بەوتەی یەک لەو سەرچاوانە، کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی هێزە ئەمنییەکان لە ڕۆژی ڕابردووەوە دەستیان کردووە بە گەڕان بە ناو شاردا و دۆخی ئاوارتەیان ڕاگەیاندووە. ئەو هێزانە ڕایانگەیاندووە کە گردبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس قەدەغەیە و هەڕەشەیان کردووە کە هەموو جۆرە کردارێکی خۆپیشاندەران ڕووبەڕووی سەختترین بەرپەرچەکان دەبێتەوە.


سەرچاوەکی دیکەش وتی: لە ئێستادا ١٨ هاوڵاتیی بریندار لە نەخۆشخانەکانی “بوعەلی سینا” و “فەجر”ی مەریوان لە ژێڕ چاودێریی هێزە ئەمنییەکاندا بەسەردەبەن. ئەو هێزانە هەموو جۆرە هاتووچۆیەک بۆ ئەو نەخۆشخانانەیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵەوە و بنەماڵەی بریندارەکان بۆیان نییە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ڕۆڵەکانیانەوە وەربگرن.

 
سنە؛ دۆخی تەندروستیی ٦ بریندرای خۆپیشاندانەکانی ئەم شارە ناجێگیرە


سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە سنە باس لە ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ٦ برینداری خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی سنە دەکەن. دەوترێت کەو ئەو هاوڵاتیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە ئامانج گیراون و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەی “بعپت”ی ئەو شارە لە ژێر چاودێری ئەو هێزانەدان.


بەوتەی ئەو سەرچاوانە، هاوڵاتییەکی هەرزەکاریش لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان، گولەیەک بەر سەری کەوتووە  و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە. تەرمی ئەو هاوڵاتییە تا ئێستا لە ساردخانەی نەخۆشخانەکەدا ماوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان ڕێگەنادەن ڕادەستی بنەماڵەکەی بکرێت.
سێشەممە، کاتژمێر ١٤:٠


مەریوان؛ تەرمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرایەوە و دۆخی تەندروستیی بریندارەکان ناجێگیرە


سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە مەریوانەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: نیوەشەوی ڕابردوو تەرمی قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕادەستی بنەماڵەکان کرایەوە. هێزە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لەو بنەماڵانە کرد کە پێویستە بە خێراترین کات و بەنهێنی تەرمەکان بەخاک بسپێرن. هەروەها دووان لە بریندارەکان بەهۆی سەختبوونی برینەکانیانەوە بۆ سنە و یەکی دیکەش بۆ کرماشان بەڕێکراون. دۆخی تەندروستی ئەو بریندارانە ناجێگیرە و ئەگەری گیان لەدەست دانیان زۆرە.


بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، دووکاندارەکانی مەریوان ئەمڕۆش دووکان و بازاڕیان نەکردەوە، هەروەها هەموو خوێندنگاکان وەک ژمارەیەکی زۆر لە شارەکانی دیکەی ئێران داخرابوون.


دەیان خۆپیشاندەر لە سەقز دەستبەسەرکراون

 
بەگوێرە ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە سەقزەوە بە دەست گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی خەزەڵوەر / ٢٠١٩.١١.١٦، لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەکان لەو شارەدا دەیان هاوڵاتی دەستبەسەرکراون. دەگوترێت کە تەمەنی زۆربەی ئەو هاوڵاتییانە ژێر ١٨ ساڵە و لەو ڕووەوە بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردە (کانون اصلاح و تربیت)ی سنە، شوێنی بەندکردنی بەندکراوە هەرزەکارەکان، گوازراونەتەوە. هەروەها سەرەڕای دیاریکردنی بارمتە لەلایەن دادگاوە بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لەو کەسانە کە لە بەندیخانەی سەقزدا دەستبەسەرن و دابینکردنی بارمتە لەلایەن بنەماڵەکانەوە، دادگا ڕێگری دەکات لە ئازادکردنیان.

 
ئەو سەرچاوەیە لە بەردەوامیدا سەبارەت بە دوایین ڕەوشی سەقز گوتی: لە ئێستادا دۆخی شار ئارامە، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنە جیاوازەکانی شاردا بڵاوبوونەتەوە و بەتاریکبوونی هەوا ژمارەیان زیاتردەبێت.

 
کوژرانی هاوڵاتییەکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران


سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە شاری سەقزەوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی گوت: “مینا شەیخی”، هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سەقز کە لە چەند ساڵ پێش ئێستاوە لە تاران نیشتەجێ بوبوو، ڕۆژی شەممە لەکاتێدا لە سەربانی ماڵێک لە تاران بووە کراوەتە ئامانجی تەقەی هێزە ئەمنییەکان و کوژراوە. دەگوترێت کە تەرمی ئەو هاوڵاتییە کوردە ڕۆژی ڕابردوو ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە و لە شاری سەقز بەخاک سپێڕدراوە

سێشەممە، کاتژمێر ١٢:٣٠
ڤیدیۆکە .. خۆپیشاندانی شاری مەریوانە




PM:08:36:19/11/2019