بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی ناوچەکە، ئەمڕۆ چوار شەممە ٢٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ خۆپیشاندانەکان لە عێراق و بەغدای پایتەخت دەستیپێکردەوەو هێزە ئەمنییەکانیش پردی "ئەحرار" یان داخست.
میدیاکانی عێراق باس لەوەشدەکەن، هێزە ئەمنییەكانی عێراق بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لە پردی ئەحرار غازی فرمێسكڕێژیان بەکارهێناوەو لە ئەنجامدا ٢٥ كەس توشی تەنگەنەفەسی بوون.
هەروەها لە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی ڕابردوو، تەوژمی خۆپیشاندان بەغدا و شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراقی گرتووەتەوە، خۆپیشاندەران داوای چاكسازیی و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزاریی و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینكردنی هەلی كار دەكەن، بەهۆی دروستبوونی پێكداهەڵپژانیش لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٥٠ كەس كوژران و هەزارانی تریش برینداربوون.