پۆلیسی سلێمانی: دوو كەس بە تۆمەتی مامەڵەكردن بە سیمكارتی بێ سەرەتا دەستگیركران

پۆلیسی سلێمانی دوو كەسی بە تۆمەتی مامەڵەكردن بە سیمكارتی بێ سەرەتا دەستگیركرد و دەڵێت "خەریكی‌ كڕین‌ و فرۆشتنی‌ سیمكارتی‌ بێ سەرەتا بون كە بە "علوج" ناسراوە".

بەڕێوەبەرایەتی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ پاش بەدواداچون ‌و كۆكردنەوەی‌ زانیاری‌ لەسەر دوو تۆمەتبار بەناوەكانی‌ "ب. س. م" لەدایكبوی‌‌ (1989) و "د. ئـ. ك" لەدایكبوی‌‌ (1985) كە دانیشتووی‌ شاری‌ سلێمانین‌ و خەریكی‌ كڕین‌ و فرۆشتنی‌ سیمكارتی‌ بێ سەرەتا بون كە بە "علوج" ناسراوە، رۆژی (19/11/2019)، لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنارەوە دەستگیركران.

لە راگەیەندراوی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە "ئەو دوو تۆمەتبارە زیاتر لە (150) سیمكارتی‌ ئاسیاسێڵی‌ بێ سەرەتایان لەشاری‌ هەولێرەوە بۆ شاری‌ سلێمانی‌ هێنابوو بەمەبەستی‌ ساغكردنەوەی‌ لە بازارەكانی‌ شاری‌ سلێمانیدا".

روونیشیكردەوە، "لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری‌ بەڕێز دادوەر و بەپێی‌ ماددەی‌ (240) لە یاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ راگیراون‌ و لەلایەن بنكەی‌ پۆلیسی‌ سەرچنارەوە پەڕاوی‌ لێكۆڵینەوەیان بۆ ڕێكخراوە".

PM:03:09:20/11/2019