نوێترین زانیاری لەسەر خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان

ماڵپەڕی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاشکرای دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران هێزێکی زۆری فرەچەشنی لەناو شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاوپێکردووەو بەردەوامە لە دەستگیرکردن و ئازاردان و سەرکوتکردن.  


تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە زاری سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە کرماشانەوە ترایگەیاندووە “کەشی شارەکە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو ئارامترە، بەڵام یەکە تایبەتەکانی پۆلیس مەیدانی ئازادی و گەڕەکەکانی جافرئاوا، بولوار، دەوڵەت ئاوا و باخی ئەبریشەمیان قۆڕخکردووە”.


هەروەها دانیشتوویەکی گەڕەکی جافرئاوا ئاماژەی بەوە دەدەن کە زۆربەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکان لەو گەڕەکە کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان و وتی" ڕۆژی یەکشەممە لە میانەی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لەو گەڕەکەدا، یەکە تایبەتەکانی پۆلیس لە هێلی کۆپتەرەوە دەستڕێژی گوللەیان لە هاوڵاتیان کرد".


بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، تا ئێستا هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی دەیان هاوڵاتی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکراون نادیارە.


لە شاری مەریوانەوە سەرچاوەیەک بەو ماڵپەڕەی  راگەیانووە " مانگرتنی دووکان و بازاڕ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە کوشتاری خۆپیشاندەران ئەمڕۆش بەردەوامە. هەروەها هێزە تایبەتەکانی سووپای پاسداران شەقامەکانی ناو شاریان قۆڕخکردووە و بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆکان لە دەروازەکانی شاردا خاڵی پشکنینیان داناوە”.

 
سەرچاوەیەکی دیکە باسی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی ١٨ بریندار لە نەخۆشخانەکانی “بوعەلی سینا” و “فەجر”ی مەریوانی کرد و وتی هێزە تایبەتەکانی سوپای پاسداران لە هەمەدانەوە بۆ مەریوان بەڕێکراون، ئەو نەخۆشخانانەیان گەمارۆداوە و بەریندارەکانیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

 
هەروەها سەرچاوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مەریوان دەڵێن کە لەناو هێزەکانی سوپای پاسداراندا هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکەش دەبینرێن. جێگەی ئاماژەیە کە ڕۆژی ڕابردوو تەرمی ژمارەیەک لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکان ڕادەستی بنەماڵەکان کرایەوە و لە گۆڕستانی مەریوان بەخاک سپێردران.




PM:08:11:20/11/2019