ڕێکخراوێک هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی ئەم خولەی پەرلەمان دەکات

ڕێـکخراوى لێـکۆڵیـنەوەو گەشـەپێـدان ڕاپۆرتێکی دەربارەی پڕۆژەى چاودێریکردنی بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە ساڵى 2018 بڵاوکردەوە و کە چەندین سەرنج و ڕەخنە لەخۆ دەگرێت.

دەقی ڕاپۆرتەکە:

ڕێـکخراوى لێـکۆڵیـنەوەو گەشـەپێـدان (RDO)

Research and Development Organization

پڕۆژەى چاودێریکردنی بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ساڵى (2018)


ڕاپۆرتى ساڵى یەکەم

 (30/9/2018 ــ 30/9/2019)


پێشەکى


لەڕۆژى (30/9/2018) هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان چونە سەر سندوقەکانى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەندامانى خوولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان. 


دواى پەسندکردنى ئەنجامەکان لەلایەن کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و ڕاپرسى لەهەرێمى کوردستان، لەڕۆژى (6/11/2018) دا، یەکەم دانیشتنى خوولى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو. بەپێى پێڕەوى ناوخۆ، ئەم دانیشتنە لەلایەن بەتەمەنترین ئەندامى پەرلەمان  بەڕێوەچوو (ڕێڤنگ محەممەد هرورى) کە لەلیستى پارتى دیموکراتى کوردستان بوو، ئەندامانى پەرلەمان یەکە بەیەکە سوێندى یاساییان خوارد. بەهۆى ئەوەى ناکۆکى زۆر لەنێوان لیستەکانى پەرلەمان هەبوو لەبارەى دامەزراندنى کابینەى تازەى حکومەت، بۆیە سەرۆکى کاتى پەرلەمان ڕایگەیاند "زۆربەى فراکسیۆنەکان پێشنیاریان کردووە دانیشتنەکە بەکراوەیى بهێڵدریێتەوە تاوەکو لایەنە سیاسییەکان دەگەنە ڕێککەوتن لەسەر شێوازى پێکهێنانى کابیینەى نوێى حکومەت". ئینجا سەرۆکى کاتى ئەم پێشنیارەى خستە دەنگدان، بەزۆرینەى دەنگى ئەندامانى پەرلەمان پەسندکرا، ئەمیش بۆیە کۆبوونەوەکەى بەکراوەیى هێشتەوە، تا ئەو کاتەى لیستەکان دەگەنە ڕێکەوتن، بەوەش کۆتایى بەدانیشتنەکە هێنا. 

دانیشتنەکانى پەرلەمان

دواى تێپەڕینى نزیکەى دوو مانگ و نیو، لەڕۆژى (18/2/2019) دا، پەرلەمانى کوردستان بەبێ ئامادەبوونى هەردوو فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، دەستى بەتەواوکردنى دانیشتنە کراوەکەى خۆى کردەوە.

لەم دانیشتنەدا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێردرا. د. ڤاڵا فەرید کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان بە (63) دەنگ بەسەرۆکى پەرلەمان هەڵبژێردرا، هەروەها هێمن ئەحمەد هەورامى بە (68) دەنگ بەجێگرى یەکەمى سەرۆک و، مونا نەبى بە (60) دەنگ بەجێگرى دووەمى سەرۆک هەڵبژێردرا. لەم دانیشتنەى پەرلەماندا لەکۆى (111) ئەندامى پەرلەمان، (76) ئەندام بەشدارییان کردوو، (35) ئەندامیش بایکۆتى ئەم دانیشتنەیان کرد. بەهەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى، بڕیارى ژمارە (1) ى دانیشتنى دەسپێکى خوولى هەڵبژاردنى پێنجەم لەڕۆژى (18/2/2019) بەئیمزاى ڕێڤینگ محەممەد هرورى سەرۆکى کاتى پەرلەمان، دەرچوو.

دانیشتنى (1) ى نا ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (26/2/2019) بەسەرۆکایەتى دەستەى تازەى سەرۆکایەتى پەرلەمان، بۆ هەڵبژاردنى لێژنەى یاسایى بەڕێوەچوو، بێ ئەوەى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بەشدارى لەم لێژنەیەدا بکات. هەروەها لەم دانیشتنەدا سەرۆکى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى ڕەخنەى لەدەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان گرت کە هیچ ئەندامێکى فراکسیۆنەکەیان لەلێژنەى یاسایى دانەنراوە. بەهەڵبژاردنى لێژنەى یاسایی، بڕیارى ژمارە (2) ى دانیشتنى نا ئاسایى ژمارە (1) ى خوولى هەڵبژاردنى پێنجەم لەڕۆژى (18/2/2019) بەئیمزاى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان، دەرچوو. بەوەش کۆبوونەوە نا ئاساییەکانى پەرلەمان تەواو بوون و پەرلەمانى کوردستان چووە ناو وەرزى بەهارەى ساڵى یەکەمى خوولى پێنجەم و کۆبوونەوە ئاساییەکانى پەرلەمان دەستیان پێکرد.

لەڕۆژى (1/3/2019) دا، دانیشتنى ژمارە (1) ى ئاسایى خوولى بەهارەى پەرلەمان بەڕێوەچوو، ئەم دانیشتنە زیاتر دانیشتنێکى پڕۆتۆکۆلى بوو بۆ کردنەوەى خوولى بەهارەى پەرلەمان، کە عورف وایە سەرۆکى پەرلەمان وتارێکى تێدا پێشکەش دەکات لەبارەى ئەرکە چاوەڕوانکراوەکانى ئەم خوولەى پەرلەمان.    

دانیشتنى ژمارە (2) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (12/3/2019) بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا (14) لێژنەى هەمیشەیى پەرلەمان هەڵبژێردران. هەروەها دوو ئەندامى فڕاکسیۆنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانیش بۆ لێژنەى یاسایى بەبڕیارى ژمارە (3) ى پەرلەمان دەنگیان لەسەردرا. بەهەڵبژاردنى ئەم دوو ئەندامە تازەیە بۆ لێژنەى یاسایی، بڕیارى ژمارە (3) ى دانیشتنى ئاسایى ژمارە (2) ى خوولى هەڵبژاردنى پێنجەم لەڕۆژى (12/3/2019) بەئیمزاى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان، دەرچوو. هەر لەو دانیشتنەشدا، بڕیارى ژمارە (4) ى دانیشتنى ئاسایى ژمارە (2) ى خوولى هەڵبژاردنى پێنجەم لەڕۆژى (12/3/2019) بەئیمزاى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان، دەرچوو، کە تایبەت بوو بەپێکهێنانى ئەم لێژنە هەمیشەییانەى پەرلەمان: (لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری، لیژنەی پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری، لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لیژنەی کاروباری تەندروستی و ژینگەو مافی بەکاربەر، لیژنەی کاروباری شەهیدان و جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی، لیژنەی پەیوەندییەکان و ڕەوەندی کوردستانی، لیژنەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، لیژنەی وزەو سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی، لیژنەی شارەوانی و گواستنەوەو گەیاندن و گەشتوگوزارو ئاوەدانکردنەوەو وەبەرهێنان، لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان، لیژنەی دەسپاکی و کاروباری پەرلەمان و سکاڵا، لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت و مافی مرۆڤ). 

دانیشتنى ژمارە (3) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (30/3/2019) بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا پێشنیارى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم خرابووە ڕوو کە بەیاساى ژمارە (2) ى ساڵى (2017) دەسەڵاتەکانى سەرۆکى هەرێم لەنێوان سەرۆکى پەرلەمان و سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرییەوە دابەشکرا بوو، هەروەها لەخوولى چوارەمى پەرلەماندا بەژمارە یاساى (10) ى ساڵى (2018) دا، دامەزراوەى سەرۆکاییەتى هەرێمیش هەڵپەسێردرابوو، خرابووە بەرنامەى کار.

دواى خوێندنەوەى (پێشنیازى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان ــ عێراق و هەموارى شێوازى هەڵبژاردنى سەرۆک تا پەسندکردنى دەستوور) کە بەئیمزاى (68) پەرلەمانتار ئاڕاستەى لێژنەى یاسایى کرابوو، لەنێو لێژنەى یاساییش بەئیمزاى (7) پەرلەمانتار بۆ سەرۆکایەتى نێردرا بوو، لەلایەن لێژنەى یاسایى خوێنرایەوە، دواتر لەلایەن سەرۆکى پەرلەمانەوە ئاڕاستەى لێژنەکە کرایەوە تاوەکو ڕاپۆرتى کۆتایى لەبارەیەوە بنووسرێت. 

دانیشتنى ژمارە (4) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژانى (2 ــ 3/4/2019) بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بەخوێندنەوەى دووەمى کاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، وتووێژکردن لەبارەى ئەم یاسایە.

دانیشتنى ژمارە (5) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژانى نێوان (10/4 ــ 8/5/2019) بەڕێوەچوو، لەم دانیشتنانەدا دواى وتووێژ، پێشنیازى یاساى کراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان، بەدەنگى (89) پەرلەمانتار، بەیاساى ژمارە (1) ى ساڵى (2019) پەسندکرا. لەم یاسایە تازەیەدا سەرۆکى هەرێم لەبرى یەک جێگر، دوو جێگرى دەبێت و دەسەڵاتەکانیان لەلایەن سەرۆکى هەرێمەوە دیارى دەکرێت و، هەروەها سەرۆکى هەرێمیش لەنێو پەرلەماندا هەڵدەبژێرێت. ئەم یاسایە وەکو بڕیارى ژمارە (5) ى پەرلەمانى کوردستان، لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە ئیمزاکراوە.

دانیشتنى ژمارە (6) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (28/5/2019) بەڕێوەچوو، بڕیارى ژمارە (6) ى پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، کە تایبەت بوو بەهەڵبژاردنى نێچیرڤان بارزانى بەسەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەپشت بەستن بەحوکمەکانى بڕگە (1) ى مادەى (56) لەیاساى ژمارە (1) ى ساڵى (1992) هەموارکراوى و خاڵى (5،6) لەبڕگەى یەکەمى مادەى (4) لەیاساى  ژمارە (1) ى ساڵى (2019) ى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەچوو. ئەم بڕیارە بەئیمزاى د. ڤاڵا فەرید سەرۆکى پەرلەمان لەڕۆژى (28/5/2019)، دەرچوو.

دانیشتنى ژمارە (7) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (10/6/2019) بەڕێوەچوو، کە تایبەت بوو بەڕێکارەکانى سوێندخواردنى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، ئینجا دواى بەڕێوەچوونى پرۆسەى سوێندخواردنەکە، هەندێک لەمیوانەکانى ئەم ڕێوڕەسمە وتاریان خوێدنەوەو، پاشان سەرۆکى تازەى هەرێم وتارێکى پێشکەشکرد. دواتر پرۆسەى ناونانى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانى بەڕێوەچوو. ئەم کۆبوونەوەیە لەتەلارى پەرلەمان بەڕێوەنەچوو، بەڵکو گوازرابۆوە بۆ هۆڵى شەهید سەعد عەبدوڵڵاو لەوێ بەڕێوەچوو.  


دانیشتنى ژمارە (8) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (11/6/2019) بەڕێوەچوو، لەم دانیشتنەدا بڕیارى ژمارە (7) ى پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، کە تایبەت بوو بەناوزەدکردنى مەسرور بارزانى بۆ پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، کە بەپشت بەستن بەحوکمەکانى بڕگە (3) ى مادەى (56) لەیاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ژمارە (1) ى ساڵى (1992) هەموارکراو لەپەرلەمانى کوردستان لەدانیشتنى ئاسایى ژمارە (8) ى ڕۆژى (11/6/2019) بەڕێوەچوو. ئەم بڕیارە بەئیمزاى د. ڤاڵا فەرید سەرۆکى پەرلەمان لەڕۆژى (11/6/2019)، دەرچوو.

دانیشتنى ژمارە (9) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (30/6/2019) بەڕێوەچوو، لەم دانیشتنەدا بڕیارى ژمارە (8) ى پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، کە تایبەت بوو بەدرێژکردنەوەى خوولى بەهارەى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان کە بەپێى پێڕەوى ناوخۆ دەبووایە  لەڕۆژى (30/6/2019) کۆتایى پێ بێت. بەپێى ئەم بڕیارە خوولى بەهارە تاوەکو ڕۆژى (15/7/2019) درێژکرایەوە کە دەکاتە تەنیا دوو هەفتە.  

دانیشتنى ژمارە (10) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (6/7/2019) بەڕێوەچوو، تێیدا خوێندنەوەى یەکەم بۆ سێ پێشنیازى یاسایى خوێنرانەوەو، دواى خوێندنەوەیان لەلایەن سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە ئاڕاستەى لێژنە پێوەندیدارەکان کران. پێشنیازە یاساییەکان بریتى بوون لە (پێشنیازی یاسای مرۆڤ سازی لەهەرێمی کوردستان)، (پێشنیازی یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لەسنوری شارەوانییەکان لەهەرێمی کوردستان). (پێشنیازی یاسای هەمواری یاسای ژمارە (3) ی ساڵی (2009) ى  یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان).

دانیشتنى ژمارە (11) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (7/7/2019) بەڕێوەچوو، تێیدا خوێندنەوەى دووەم بۆ یاسای هەمواری یاسای ژمارە (3) ی ساڵی (2009) ى  یاسای پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کرا.

دانیشتنى ژمارە (12) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (8/7/2019) بەڕێوەچوو، پەرلەمانى کوردستان یاساى ژمارە (2) ى ساڵى (2019)، کە بریتى بوو لەیاساى هەموارى یەکەمى یاساى ژمارە (3) ى ساڵى (2009) ى پەسندکرد بەناوى (یاساى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ــ عێراق). ئەم یاسایە لەپێنج مادە پێکهاتبوو، بەپێى مادەى یەکەمى ئەم هەموارە یاساییە، هەڵبژاردنى پارێزگارى شارەکان لەدەرەوە یا لەنێوان ئەندامانى ئەنجوومەن دەبێت، بەو مانایەى مەرج نییە پارێزگار ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا بێت و بەشدارى لەهەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کردبێت وەکو ئەوەى لەنێو یاساکەى پێشتردا هەبوو. ئەوەش دووەم یاسا بوو کە پەرلەمانى کوردستان لەم خوولەدا دەرى بکات، دواى دەرکردنى یاساى ژمارە (1) ى تاییبەت بەکاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم. 

دانیشتنى ژمارە (13) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (10/7/2019) بەڕێوەچوو، لەم دانیشتنەدا بڕیارى ژمارە (9) ى پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، کە بەپشت بەستن بەبڕگەى (4) ى مادەى (56) لەیاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ژمارە (1) ى ساڵى (1992) هەموارکراو، مادەى شەشەم ى یاساى ژمارە (3) ى ساڵى (1992) ى هەموارکراو، پەرلەمانى کوردستان لەدانیشتنى ئاسایى ژمارە (13) ى خۆیدا، بڕیارى ژمارە (9) ى دەرکرد، کە تایبەت بوو بەیەکەم: متمانەدان بەسەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران. دووەم: خوێندنەوەى ناوى وەزیرەکان لەلایەن سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران بۆ متمانە پێدان. سێیەم: خوێندنەوەی هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کابینەی وەزاری نۆیەم لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنى وەزیرانەوە. بەم شێوەیە کابینەى وەزارى نۆیەمى هەرێمى کوردستان بەسەرۆکایەتى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى وەکو جێگرى سەرۆک و، (21) وەزیر پێکهاتبوو. ئەم بڕیارە بەئیمزاى هێمن هەورامى جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان دەرچووە.

دانیشتنى ژمارە (14) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (11/7/2019) بەڕێوەچوو، لەم دانیشتنەدا بڕیارى ژمارە (10) ى پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، کە بەپشت بەستن بەمادەى (48) لەیاساى ژمارە (1) ى  ساڵى (1992) هەموارکراوو، حوکمى بڕگەى چوارەمى مادەى (15) لەپەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان، پەرلەمان بڕیاریدا بەهەڵبژاردنى د. ڕێواس فایق بۆ پۆستى سەرۆکى پەرلەمان. هەروەها لەم دانیشتنەدا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازی بریاری دیارکردنی ڕۆژی (3/8/2014) وەکو ڕۆژی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، بەڕێوەچوو.

دانیشتنى ژمارە (3) ى نا ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (3/8/2019) دا، بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا بڕیارى ژمارە (11) ى پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، کە تێیدا پەرلەمانى کوردستان بڕیاریدا ڕۆژى (3/8) ى هەموو ساڵێک، بەڕۆژى جینۆسایدى ئێزدییەکان لەسەر دەستى دەوڵەتى ئیسلامى دیارى بکرێت. 

دانیشتنى کردنەوەى خوولى پاییزەى گرێدان لەساڵى یەکەمى خوولى پێنجەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (1/9/2019) بەڕێوەچوو. لەدەسپێکى ئەم دانیشتنەدا د. ڕێواز فایق وتارێکى پێشکەشکردو تێیدا ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە لەوەتەى ئەم خوولەى پەرلەمان دەستبەکار بووە، (3) پێشنیازە یاساو بڕیار پەسندکراون. (14) پێشنیازە یاساو بڕیار ئاڕاستەى حکومەت کراون. (2) پێشنیازە یاسا مەرجى ڕواڵەتى پێشنیازە یاسایان تێدا نەبووەو گێڕدراوەتە بۆ ئەو پەرلەمانتارانەى کە واژوویان لەسەر کردووە، بۆ ئەوەى چاکى بکەنەوە. (1) پێشنیازە یاسا ئاڕاستەى حکومەت کراوە بۆ ئامادە بوون لەکۆبوونەوەى لێژنەى تایبەتمەند. (6) پێشنیازە یاساو بڕیار ئامادە کراون بۆ خوێندنەوەى یەکەم. (2) پێشنیازە یاسا بەزمانى عەرەبى نووسراون و نێردراون بۆ وەرگێڕان بۆ سەر زمانى کوردى. (1) پێشنیازە یاسا لەلایەن لێژنەى یاسایى ڕەتکراوەتەوە. (2) پێشنیازە یاسا هێشتا ئاڕاستەى لێژنەى یاسایى نەکراوە. (1) پێشنیازە یاسا ئاڕاستەى لێژنەى یاسایى کراوەو هێشتا نەنێردراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتى. (2) پێشنیازە یاسا لەلایەن ژمارەى یاسایى پەرلەمانتاران پێشکەشکراون، بەڵام حکومەت پێشتر داواى گێڕاندنەوەیانى کردبوو، بۆیە ئاڕاستەى حکومەت کراونەتەوە. ئەوەى لێرەدا تێبینى دەکرێت، بریتییە لەوەى تا کردنەوەى وەرزى پاییزەى خوولى پەرلەمانیش، حکومەت هیچ پڕۆژە یاسایەکى بۆ پەرلەمان نەناردووە تاوەکو کارى لەسەر بکرێت.

دانیشتنى ژمارە (1) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (17/9/2019) دا، بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا پێشنیازى هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان خرایە ڕوو، لەگەڵ خوێندنەوەى یەکەم بۆ (6) پَشنیازى یاسایى کە ئیمزاى ژمارەى پێویستى پەرلەمانتارى لەسەر کۆکراوەتەوە. پێشنیازە یاساکان بریتى بوون لە (بەرکارکردن و هەموارى یاساى بەرەنگاربوونەوەى قاچاغیکردن بەنەوت و بەرووبوومەکانى ژمارە 41 ى ساڵى 2088). پێشنیازە یاساى (بەرکارکردنى یاساى فیدرالى پاراستنى بەرهەمە عێراقییەکان ژمارە 11 ى ساڵى 2010 ى هەموارکراو). پێشنیازە یاساى (ڕێکخستن و یەکخستنى عەلوەکان). پێشنیازە یاساى (بەرکارکردنى یاساى فیدرالى واژووى ئەلیکترۆنى و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان ژمارە 78 ى ساڵى 2012). پێشنیازە یاساى (بەرکارکردن و هەموارى یاساى گرتنى مایەى قاچاغ و قەدەغەکراو بۆ ئاڵوگۆڕکردن لەبازاڕە نێوخۆییەکان ژمارە 18 ى ساڵى 2088 ى هەموارکراو). پێشنیازە یاساى (بەرکارکردن و هەموارى یاساى هاوردەو فرۆشتنى بەرهەمە نەوتییەکان ژمارە 9 ى ساڵى 2006). 

دانیشتنى ژمارە (2) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (25/9/2019) دا، بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازى هەموارکردنەوەى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان کرا.

دانیشتنى ژمارە (3) ى ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (29/9/2019) دا، بەڕێوەچوو. لەم دانیشتنەدا دەنگدان لەسەر هەموارى یەکەمى پەیڕەوى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان کرا.


خوێندنەوەیەک بۆ کارەکانى پەرلەمانى کوردستان لەماوەى ساڵى یەکەمیدا


پەرلەمانى کوردستان لەماوەى یەک ساڵدا (30/9/2018 ــ 30/9/2019)، تەنیا دوو یاساى دەرکردووە، کە بریتى بوون لەیاساى ژمارە (1) ی ساڵى (2019) تایبەت بەکاراکردنەوەى دامەزراوەى سەرۆکایەتى هەرێم و، یاساى ژمارە (2) ى ساڵى (2019) تایبەت بەهەموارکردنەوەى یاساى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان. یاساى یەکەم لەلایەن دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە ئیمزاکراوەو بڕیارى ژمارە (5) ى بۆ دەرچووە، چونکە ئەو کات سەرۆکایەتى هەرێم هەڵپەسێردرا بوو و، هێشتا سەرۆکى نوێ هەڵنەبژێردرا بوو. بەڵام، یاساى دووەم لەلایەن سەرۆکى هەرێمەوە ئیمزاکراوە.

پەرلەمانى کوردستان لەماوەى یەک ساڵدا، تەنیا (11) بڕیارى دەرکردووە. (6) بڕیارى تایبەت بووە بەڕێکخستنى ئیش و کارەکانى خۆى و دانانى لێژنەکان و متمانەدان بەئەندامى تازە لەجێگاى ئەوانەى دەستیان لەکارکێشاوەتەوەو، هەڵبژاردنى سەرۆکى تازەى پەرلەمان لەجێگاى سەرۆکى پێشوو، (1) بڕیاریشى تایبەت بوو بەدرێژکردنەوەى خوولى بەهارەى خۆى بۆ ماوەى دوو هەفتە. (1) بڕیارى تایبەت بووە بەهەڵبژاردنى سەرۆکى تازەى هەرێم و، (2) بڕیاریشى تایبەت بوون بەناوزەدکردنى سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و متمانەپێدانى. (1) بڕیارى تریشى تایبەت بوو بەدەستنیشانکردنى ڕۆژى جینۆسایدى ئێزدییەکان.

لەکۆى ئەم (11) بڕیارەدا (1) بڕیار کە بڕیارى یەکەمە، بەئیمزاى سەرۆکى (کاتى) تەمەن بووە، بڕیارەکانى تر بەئیمزاى سەرۆک یا جێگرى یەکەمى پەرلەمان بووە. لەسەردەمى سەرۆکایەتى د. ڤاڵا فەرید (7) بڕیار دەرکراوە، لەسەردەمى د. ڕیواس فایق (1) بڕیار دەرچووەو، (2) بڕیاریش بەئیمزاى هێمن هەورامى جێگرى یەکەمى سەرۆک دەرچووە.  


لەماوەى یەک ساڵدا، پەرلەمانى کوردستان تەنیا (14) دانیشتنى ئاسایى و، (3) دانیشتنى نا ئاسایى ئەنجامداوە.

لەماوەى یەک ساڵدا پەرلەمانى کوردستان خوێندنەوەى تەنیا بۆ (10) پێشنیازى یاساییکردووە، (2) لەم پێشنیازانە بوونەتە یاسا، بەڵام (8) پێشنیازەکەیتر نەچوونەتە قۆناغى دەرچوون وەکو یاسا. هەموارکردنەوەى یاساى سەرۆکایەتى هەرێم و، هەموارکردنەوەى یاساى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بوونە یاساو مەرسومیان پێدەرکرا. بەڵام، پێشنیازە یاساییەکانى ترى وەکو (مرۆڤ سازی لەهەرێمی کوردستان)، هەروەها (بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لەسنوری شارەوانییەکان لەهەرێمی کوردستان)، (بەرکارکردن و هەموارى یاساى بەرەنگاربوونەوەى قاچاغیکردن بەنەوت و بەرووبوومەکانى ژمارە 41 ى ساڵى 2088)، (بەرکارکردنى یاساى فیدرالى پاراستنى بەرهەمە عێراقییەکان ژمارە 11 ى ساڵى 2010 ى هەموارکراو)، (ڕێکخستن و یەکخستنى عەلوەکان)، (بەرکارکردنى یاساى فیدرالى واژووى ئەلیکترۆنى و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان ژمارە 78 ى ساڵى 2012)، (بەرکارکردن و هەموارى یاساى گرتنى مایەى قاچاغ و قەدەغەکراو بۆ ئاڵوگۆڕکردن لەبازاڕە نێوخۆییەکان ژمارە 18 ى ساڵى 2088 ى هەموارکراو)، (بەرکارکردن و هەموارى یاساى هاوردەو فرۆشتنى بەرهەمە نەوتییەکان ژمارە 9 ى ساڵى 2006)، نەگەیشتوونەتە قۆناغى کۆتایى تاوەکو ببنە یاساو مەرسومیان پێدەربچێت. 




هەڵسەنگاندنێک بۆ بەڵێنى هەڵبژاردنەکانى چوار لیستى گەورەى پەرلەمانى کوردستان

وەکو ئەوەى لەپێشەکى ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژەمان بۆ کردووە، ڕاپۆرتى چاودێرى بەڵێنى هەڵبژاردنەکان کە لەلایەن ڕێکخراوەکەمان بەڕێوە دەچێت، تەنیا چاودێرى چوار لیستى گەورەى براوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى (2018) دەکات، کە بریتین لەلیستى پارتى دیموکراتى کوردستان بە (45) کورسى، یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە (21) کورسى، بزووتنەوەى گۆڕان بە (12) کورسى، نەوەى نوێ بە (8) کورسى. 

لەکاتى پێداچوونەوەو بەراوردکردنەوەى یەک ساڵ ئیشکردنى پەرلەمانى کوردستان لەگەڵ بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى ئەم چوار لیستەدا، بۆ مان دەردەکەوێت ئەم چوار لیستە بەڵێن و بەرنامەى هەڵبژاردنیان نەنووسیوە، بەڵکو ئەوەى بەناوى بەرنامەى لیستى هەڵبژاردن خستبوویانە ڕوو، بەرنامەى کارى حکومەت بووە، نەوەکو بەڵێنى هەڵبژاردن بۆ لیستێکى پەرلەمانى، لەبەرئەوەى بەشى هەرە زۆرى بەرنامەکان تایبەتە بەکارى حکومەت، نەوەکو بەڵێن بوو بێت بۆ داڕشتنى یاسایى لەپەرلەمانى کوردستاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە لێرەدا یەکە بەیەکە بە بەرنامەى لیستەکاندا دەچینەوە تاوەکو بزانین لەماوەى ساڵى یەکەمى ئیشکردنى پەرلەمانى کوردستاندا، چەند بەڵێنیان جێبەجێکردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەکاتى پێداچوونەوەو خوێندنەوەى بەرنامەو بەڵێنى هەڵبژاردنى لیستەکاندا، تێبینى ئەوە دەکەین ئەو (8) پێشنیازە یاساییەى لەماوەى یەک ساڵى تەمەنى پەرلەماندا خوێندنەوەى یەکەمیان بۆ کراوەو، هێشتا نەگەیشتوونەتە قۆناغى کۆتایى تاوەکو ببنە یاسا، بەشێوەیەک لەشێوەکان ئەگەر بەڕوونیش نەبێت، بەڵام لەنێو بەڵێنى هەڵبژاردنى لیستەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، لەبەرئەوەى نەچوونەتە قۆناغى کۆتایى و نەبوونەتە یاسا، بۆیە وا تەماشایان ناکەین کە بەڵێنى جێبەجێکراون، بەڵکو تەنیا هەوڵن بۆ جێبەجێکردنى ئەم بەڵێنانە.




یەکەم: لیستى ژمارە (183) ى پارتى دیموکراتى کوردستان.

بەرنامەى لیستى پارتى لە (10) بەش پێکهاتووە، هەر بەشێک دابەش دەبێتە سەر چەندین تەوەرو سێکتەرى جیاواز بەجۆرێک بەرنامەکە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنى هەڵبژاردنى تێدایە کە هەندێکیان جێبەجێکردنیان ئەستەمەو، هەندێکى تریشیان هیچ پێوەندى بەپەرلەمانى کوردستانەوە نییە.

بەشى یەکەمى بەرنامەى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان (10) بەڵێنى هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەشى دووەم (11) بەڵێنى تێدایەو، بەشى سێیەمیش (8) بەڵێن و، بەشى چوارم (3) بەڵێن و، بەشى پێنجەم (4) بەڵێن و ، بەشى شەشەم (5) بەڵێن و، بەشى حەوتەم (5) بەڵێن و، بەشى هەشتەم (6) بەڵێن و، بەشى نۆییەم (4) بەڵێن و بەشى دەیەم (4) بەڵێن لەخۆ دەگرێت. کۆى بەڵێنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ دەنگدەرانى، بریتییە لە (60) بەڵێنى هەڵبژاردن کە پێویست دەکات لەماوەى چوار ساڵى خوولى پێنجەمى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستاندا جێبەجیێان بکات.

بەشێک لەم بەڵێنانە پێوەندییان بەپەرلەمانى کوردستانەوە نییە، بەو مانایەى بەڵێن نین بۆ دانانى یاسایەکى پەرلەمانى، یا دەرکردنى بڕیارێکى پەرلەمانى، بەڵکو بەشێکن لەکارى حکومەت، وەکو دەزانین جیاوازى هەیە لەنێوان بەڵێنەکانى هەڵبژاردن کە لیستەکان بەدەنگدەرى خۆیانى دەدەن، لەگەڵ بەرنامەى حکومەت کە لەلایەن هاوپەیمانى حکومییەوە پێشکەش بەپەرلەمانى کوردستان کراوە.

بۆ نموونە، بەشێک لەبەڵێنەکانى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، بریتییە لەوانەى خوارەوە:


"جێبەجێکردنى مادەى (140) ى دەستوورو پێداگیرى لەسەر گەڕاندنەوەى هەموو ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئدارەى هەرێم و دیاریکردنى سنوورى کوردستان و کۆتاییهێنان بەدواخستن و خۆدزینەوە لەجێبەجێکردنى".  


"ڕێکخستنى نوێنەرایەتى و پەیوەندییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتى فیدرالى لەچوارچێوەى دەستووردا".


"کارکردن بۆ چارەسەرکردنى گرفتى ئاوارەکان بەگشتى و باشترکردنى باروگوزەرانیان. هاوکات هەوڵدان و هاوکارى لەگەڵ حکومەتى فیدرالى بۆ دابینکردنى سەقامگیریی لەناوچەکانیان بەمەبەستى گەڕانەوەیەکى شەرافەتمەندانەو سەربەرزانەو ژیانێکى ئاسوودە". 

ئەم سێ خاڵە نموونەیەکى زۆر بچووکن لەبارەى گشتگیرى بەڵێنەکان و ئەستەمى جێبەجێکردنیان، چونکە پێوەندییان بەکارى پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتى حکومەتى عێراقى و حکومەتى هەرێمى کوردستانە، بۆیە ئەو بەڵێنانەى لیستى (183) ى پارتى داویانەتە دەنگدەرانیان، بەشێکن لەکارنامەى حکومەت و پێوەندییان بەکارى پەرلەمانییەوە نییە، کە لەسەر سێ بنەما وەستاوە کە بریتین لە (یاسادانان، پەسندکردنى بودجەو حیساباتى کۆتایى، چاودێرى کارى حکومەت). بۆیە جگە لەم تێبینییانە لەبارەى بەڵێنەکان، ئێستا بەچەند خاڵێک ڕادەى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى لستى پارتى دەخەینە ڕوو:

لەماوەى یەک ساڵى تەمەنى خوولى پێنجەمى پەلەمانى کوردستاندا، لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان هیچ یەکێک لەم (60) بەڵێنەى جێبەجێ نەکردووەو بەدینەهێناوە، کە لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەى بۆ کردووە.

کار بۆ جێبەجێکردنى یەکێک لەم بەڵێنانە کراوە کە تایبەت بوو بە "نووسینەوەى دەستوورێکى کوردستانى هاوچەرخ، کە ببێتە مەرجەعى چارەى گرفتەکان و گرێبەستێکى کۆمەڵایەتى سیاسى، کە مافى هەموو پێکهاتەکانى کوردستان دەستنییشان و دابین بکات". بۆ جێبەجێکردنى ئەم بەڵێنە لیستى پارتى لەسەر ئاستى دەستەى سەرۆکایەتى سەرۆکى پەرلەمان هەنگاوێکى هاوێشتووە، بەڵام هەنگاوەکە لەساڵى یەکەمدا زۆر لەسەرەتادایەو، دیار نییە کەى دەگاتە قۆناغى کۆتایى کە بریتییە لەپەسندکردنى دەستوورو ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لەبارەیەوە. بۆیە ئەگەرچى کارى بۆ کراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.

یەکێک لەبەڵێنە گرنگەکانى لیستى پارتى، بریتییە لەداننان بەوەى چوار ساڵە بودجە لەکوردستاندا نەبووە، بۆیە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە "جارێکى دیکەو بەپێى ئەولەوییەتى سێکتەرە هەرە پێویستەکان و، بۆ خزمەتى پرۆسەى گەشەپێدان و، لەبەرژەوەندى خەڵکى کوردستان و کەمکردنەوەى خەرجییەکان گەڵاڵە بکرێت". ئەم بەڵێنەش لەمیانەى کارکردنى پەرلەمان لەساڵى یەکەمدا جێبەجێ نەکراوەو، تا ئێستا پەرلەمان هیچ بودجەیەک و حیساباتێکى کۆتایى لەلایەن حکومەتەوە پێنەگەیشتووە.

دووەم: لیستى ژمارە (105) ى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان.

بەرنامەى لیستى یەکێتى لە (5) بەش پێکهاتووە، هەر بەشێک دابەش دەبێتە سەر چەندین مادەو سێکتەرى جیاواز، بەجۆرێک بەرنامەکە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنى هەڵبژاردنى تێدایە کە هەندێکیان جێبەجێکردنیان ئەستەمەو، هەندێکى تریشیان هیچ پێوەندى بەکارى پەرلەمانى کوردستانەوە نییە.

ئەو بەڵێنانەى یەکێتى بەدەنگدەرانى خۆیداوە، بریتییە لەپێشەکییەکى (9) خاڵى، ئینجا لەبەشى یەکەمدا (17) بەڵێنى هەڵبژاردنى بەدەنگدەرانى خۆیداوەو، لەبەشى دووەمیشدا (9) بەڵێن هەیەو، لەبەشى سێیەمیشدا (33) بەڵێن دراوەو، لەبەشى چوارەمیشدا (80) بەڵێن و بەشى پێنجەمیش (35) بەڵێن لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە کۆى گشتى بەڵێنەکانى لیستى (105) ى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دەگاتە (183) بەڵێن.  

بەشێک لەم بەڵێنانە پێوەندییان بەپەرلەمانى کوردستانەوە نییە، بەو مانایەى بەڵێن نین بۆ دانانى یاسایەکى پەرلەمانى، یا دەرکردنى بڕیارێکى پەرلەمانى، بەڵکو بەشێکن لەکارى حکومەت، وەکو دەزانین جیاوازى هەیە لەنێوان بەڵێنەکانى هەڵبژاردن کە لیستەکان بەدەنگدەرى خۆیانى دەدەن، لەگەڵ بەرنامەى حکومەت کە لەلایەن هاوپەیمانى حکومییەوە پێشکەش بەپەرلەمانى کوردستان کراوە.

بۆ نموونە، بەشێک لەبەڵێنەکانى لیستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، بریتییە لەوانەى خوارەوە:

"کارکردن بۆ دیاریکردنى سنوورى باشوورى کوردستان، بەجێبەجێکردنى مادەى (140) ى دەستوورى عێراقى فیدرال".

"ئەنجامدانى سەرژمێرى گشتى لەعێراق و هەرێمى کوردستان".

"دەسپێکردنەوەى بڕیارى پێدانى سلفەى عەقار".

ئەم سێ خاڵە، نموونەیەکى زۆر بچووکن لەبارەى گشتگیرى بەڵێنەکان و ئەستەمى جێبەجێکردنیان، چونکە پێوەندییان بەکارى پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتى حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستانە، بۆیە ئەو بەڵێنانەى لیستى (105) ى یەکێتى داویانەتە دەنگدەرانیان، بەشێکن لەکارنامەى حکومەت و پێوەندییان بەکارى پەرلەمانییەوە نییە، کە لەسەر سێ بنەما وەستاوە کە بریتین لە (یاسادانان، پەسندکردنى بودجەو حیساباتى کۆتایى، چاودێرى کارى حکومەت). لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێنەکانى لیستى یەکێتى لەهەندێک خاڵدا، نزیکن لەوەى بەڵێنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى بن، چونکە جەخت دەکەنە سەر داڕشتنى یاساى تازەو، هەموارکردنەوەى هەندێک یاساى پێشتر، ئەوەش بنەماى سەرەکى کارى پەرلەمانییە. 

جگە لەم تێبینییانە لەبارەى بەڵێنەکان، ئێستا بەچەند خاڵێک ڕادەى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى لیستى یەکێتى دەخەینە ڕوو:

لەماوەى یەک ساڵى تەمەنى خوولى پێنجەمى پەلەمانى کوردستاندا، لیستى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەکۆى (183) بەڵێن، کە بەدەنگدەرانى خۆیدا بوو، تەنیا یەک بەڵێنى بەشێوەیەکى تەواو جێبەجێکردووە، کە بریتی بوو لەبەجینۆساید ناساندنى تاوانەکانى دەوڵەتى ئیسلامى بەرانبەر بەئێزیدییەکان. ئەم بەڵێنە لەدانیشتنى ژمارە (3) ى نا ئاسایى ساڵى یەکەم لەخوولى هەڵبژاردنى پێنجەمى پەرلەمانى کوردستان، لەڕۆژى (3/8/2019) دا، بەبڕیارى ژمارە (11) ى پەرلەمانى کوردستان دەرچوو، کە تێیدا پەرلەمانى کوردستان بڕیاریدا ڕۆژى (3/8) ى هەموو ساڵێک، بەڕۆژى جینۆسایدى ئێزدییەکان لەسەر دەستى دەوڵەتى ئیسلامى دیارى بکرێت.  

کار بۆ جێبەجێکردنى یەکێک لەبەڵێنەکانیتریش کراوە کە تایبەت بوو بە "وەگەڕخستنى دۆسیەى دەستوورو پەسندکردنى دەستوورێکى هەمیشەیى بۆ هەرێمى کوردستان". بۆ جێبەجێکردنى ئەم بەڵێنە، لیستى یەکێتى لەسەر ئاستى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەنگاوێکى هاوێشتووە، بەڵام هەنگاوەکە لەساڵى یەکەمدا زۆر لەسەرەتادایەو، دیار نییە کەى دەگاتە قۆناغى کۆتایى کە بریتییە لەپەسندکردنى دەستوورو ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لەبارەیەوە، بۆیە ئەگەرچى کارى بۆ کراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.

یەکێک لەو بەڵێنانەى کە لیستى یەکێتى بەدەنگدەرانى خۆیدا بوو، بریتى بوو لە "نەهێشتنى پاشەکەوتى مووچەو پابەند بوون بەپێدانى مووچەى مانگانە وەکو ئیستیحقاقێکى وەزیفى لەنێویشیاندا مووچەى خانەنشینان و بەساڵاچووان و مامۆستایان و فەرمانبەران، گەڕاندنەوەى تەواوى مووچە پاشەکەوتکراوەکانیان". بەشێکى ئەم بەڵێنە لەساڵى یەکەمى تەمەنى پەرلەمانى کوردستاندا بەدیهاتووەو جێبەجێکراوە، کە بریتى بوو لەهەڵوەشاندنەوەى سیستەمى پاشەکەوتکردنى مووچە. بەڵام، بەشێکى ترى ئەم بەڵێنە هێشتا جێبەجێ نەکراوە، کە تایبەتە بەگێڕانەوەى مووچە پاشەکەوتکراوەکان.    

سێیەم: لیستى ژمارە (148) ى بزوتنەوەى گۆڕان.

بەرنامەى لیستى بزوتنەوەى گۆڕان لە (4) تەوەر پێکهاتووە، هەر تەوەرێک دابەش دەبێتە سەر کۆمەڵێک بەش و سێکتەرى جیاواز، بەجۆرێک بەرنامەکە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنى هەڵبژاردنى تێدایە کە هەندێکیان جێبەجێکردنیان ئەستەمەو، هەندێکى تریشیان هیچ پێوەندى بەکارى پەرلەمانى کوردستانەوە نییە.

ئەو بەڵێنانەى بزوتنەوەى گۆڕان بەدەنگدەرانى خۆیداوە، ئینجا لەتەوەرى یەکەمدا (33) بەڵێنى هەڵبژاردنى بەدەنگدەرانى خۆیداوەو، لەتەوەرى دووەمیشدا (72) بەڵێن هەیەو، لەتەوەرى سێیەمیشدا (56) بەڵێن دراوەو لەتەوەرى چوارەمیشدا (67) بەڵێنى هەڵبژاردن لەخۆ دەگرێت. بەم شێوەیە کۆى گشتى بەڵێنەکانى لیستى (148) ى بزوتنەوەى گۆڕان، دەگاتە (228) بەڵێن، بەزۆرترین بەڵێنى هەڵبژاردنى نێو چوار لیستە سەرەکییەکەى پەرلەمان دادەنرێت.

بەڵێنەکانى هەڵبژاردنى لیستى بزوتنەوەى گۆڕانیش هەر وەکو بەڵێنەکانى لیستى پارتى و یەکێتى، بەشێکى زۆرى ئەم بەڵێنانەیان پێوەندییان بەپەرلەمانى کوردستانەوە نییە، بەو مانایەى بەڵێن نین بۆ دانانى یاسایەکى پەرلەمانى، یا دەرکردنى بڕیارێکى پەرلەمانى، بەڵکو بەشێکن لەکارى حکومەت، وەکو دەزانین جیاوازى هەیە لەنێوان بەڵێنەکانى هەڵبژاردن کە لیستەکان بەدەنگدەرى خۆیانى دەدەن، لەگەڵ بەرنامەى حکومەت کە لەلایەن هاوپەیمانى حکومییەوە پێشکەش بەپەرلەمانى کوردستان کراوە.

بۆ نموونە، بەشێک لەبەڵێنەکانى لیستى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، بریتییە لەوانەى خوارەوە:

"پێداگیری لەسەر چارەسەرکردنى کێشەى ناوچە دابڕاوەکان بەپێى ستراتیژییەکى نیشتیمانى و بەپشتبەستن بەدەستوورو بەڵگەنامەو ڕاستییە مێژوویى و جوگرافییەکان، بەتایبەت پرسى کەرکوک و چارەسەرکردنى بەگوێرەى مادەى (140) ى دەستوورى عێراق".

"دامەزراندنى دەستەیەک بۆ گێڕانەوەى ئەو پارانەى بەنایاسایى براونەتە دەرەوەى هەرێم".

"لەماوەى یەک مانگدا خاوەندارێتى هەردوو پاڵاوگەى بازییان و کەڵەکە بدرێتەوە بەحکومەتى هەرێم". 

"سپاردنى پرسى پەسندکردنى بودجە بەپەرلەمان".

ئەم چوار خاڵە، نموونەیەکى زۆر بچووکن لەبارەى گشتگیرى بەڵێنەکان و جێبەجێ نەکردنیان، چونکە بەشێکیان پێوەندییان بەکارى پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتى حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستانە، پرسى بودجەش تا ئێستا دواى یەک ساڵ لەهەڵبژاردنى پەرلەمان نەهاتۆتە پەرلەمان، بۆیە بەشێکى زۆر لەو بەڵێنانەى لیستى (148) ى بزوتنەوەى گۆڕان داویانەتە دەنگدەرانیان، بەشێکن لەکارنامەى حکومەت و پێوەندییان بەکارى پەرلەمانییەوە نییە، کە لەسەر سێ بنەما وەستاوە کە بریتین لە (یاسادانان، پەسندکردنى بودجەو حیساباتى کۆتایى، چاودێرى کارى حکومەت). لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێنەکانى لیستى گۆڕان لەهەندێک خاڵدا، نزیکن لەوەى بەڵێنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى بن، چونکە جەخت دەکەنە سەر داڕشتنى یاساى تازە، یا هەموارکردنەوەى هەندێک یاساى پێشتر، ئەوەش بنەماى سەرەکى کارى پەرلەمانییە. 

جگە لەم تێبینییانە لەبارەى بەڵێنەکان، ئێستا بەچەند خاڵێک ڕادەى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى لیستى گۆڕان دەخەینە ڕوو:

لەماوەى یەک ساڵى تەمەنى خوولى پێنجەمى پەلەمانى کوردستاندا، لیستى بزوتنەوەى گۆڕان هیچ یەکێک لەم (228) بەڵێنەى جێبەجێ نەکردووەو بەدینەهێناوە، کە لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەى بۆ کردووە.

کار بۆ جێبەجێکردنى یەکێک لەبەڵێنەکانی بزوتنەوەى گۆڕان کراوە، کە تایبەت بوو بە پرسى "دەستوورو پەسندکردنى دەستوورێکى هەمیشەیى بۆ هەرێمى کوردستان". بۆ جێبەجێکردنى ئەم بەڵێنە، لەسەر ئاستى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەنگاوێکى بچووک هاوێشتراوە، بەڵام هەنگاوەکە لەساڵى یەکەمدا زۆر لەسەرەتادایەو، دیار نییە کەى دەگاتە قۆناغى کۆتایى، کە بریتییە لەپەسندکردنى دەستوورو ئەنجامدانى ڕیفراندۆم لەبارەیەوە. بۆیە ئەگەرچى کارى بۆ کراوە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە.

لەسەر پرسى هەڵگرتنى پاشەکەوتى مووچەش، کە یەکێک بوو لەبەڵێنەکانى لیستى گۆڕان و بەدەنگدەرانى خۆیدا بوو، بەشێکى ئەم بەڵێنە لەساڵى یەکەمى تەمەنى پەرلەمانى کوردستاندا بەدیهاتووەو جێبەجێکراوە، کە بریتى بوو لەهەڵوەشاندنەوەى سیستەمى پاشەکەوتکردنى مووچە. بەڵام، جێبەجێکردنى ئەم بەڵێنە پێوەندى بەلیستى گۆڕانەوە نەبوو، بەڵکو لەلایەن کابینەى پێشتر بڕیارى لەبارەیەوە درابوو، کە گۆڕان بەشدارى تێدا نەبوو، بۆیە ئەگەر دەسکەوتێک لێرەدا هەبوو بێت، بۆ گۆڕان نەبووەو هى پارتى و یەکێتى بووە وەکو دوو هاوبەش لەحکومەتى پێشتردا. 


چوارەم: لیستى ژمارە (134) ى نەوەى نوێ.

بەرنامەى لیستى نەوەى نوێ لەسەر شێوەى نامیلکەیەکى قەبارە مامناوەندى (150) لاپەڕەییدایەو لەپێشەکییەک و (50) بەڵێنى هەڵبژاردن پێکهاتووەو ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەوە بەرنامەى چوار ساڵە. هەر بەڵێنێک لەم بەڵێنانە بەوردەکارى زۆرەوە نوسراونەتەوەو، بەرنامەو بەڵێنەکانیش زۆربەیان پێوەندییان بەلایەنى ئابوورى و پیشەسازى و بازرگانى و بانکییەوە هەیە، بەجۆرێک بەرنامەکە ئەوەندە فراوانەو ئەوەندە بەڵێنى هەڵبژاردنى تێدایە کە هەندێکیان جێبەجێکردنیان ئەستەمەو، هەندێکى تریشیان هیچ پێوەندى بەکارى پەرلەمانى کوردستانەوە نییە.

ئەو بەڵێنانەى نەوەى نوێ بەدەنگدەرانى خۆیداوە، هەر وەکو بەڵێنى لیستى پارتى و یەکێتى و گۆڕان، بەشێکى زۆرى ئەم بەڵێنانەیان پێوەندییان بەپەرلەمانى کوردستانەوە نییە، بەو مانایەى بەڵێن نین بۆ دانانى یاسایەکى پەرلەمانى، یا دەرکردنى بڕیارێکى پەرلەمانى، بەڵکو بەشێکن لەکارى حکومەت، وەکو دەزانین جیاوازى هەیە لەنێوان بەڵێنەکانى هەڵبژاردن کە لیستەکان بەدەنگدەرى خۆیانى دەدەن، لەگەڵ بەرنامەى حکومەت کە لەلایەن هاوپەیمانى حکومییەوە پێشکەش بەپەرلەمانى کوردستان کراوە.


بۆ نموونە، بەشێک لەبەڵێنەکانى لیستى نەوەى نوێ بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمان، بریتییە لەوانەى خوارەوە:


"ڕەخساندنى 150،000 هەزار هەلى کارى نوێ".


"دابینکردنى 24 کاتژمێر کارەباى بەردەوام بۆ هاوڵاتیان"


"دروستکردنى 20 بەنداو لەهەرێمى کوردستان".


"دروستکردنى 20 نەخۆشخانەى 200 قەڕەوێڵەیى".


"دروستکردنى سێ پاڵاوگەى نوێ لەهەرێمى کوردستان".


"ناشتنى 80 ملیۆن نەمام و بەرزکردنەوەى ڕێژەى سەوزایی".


"کەمکردنەوەى قوربانییانى ڕووداوەکانى هاتوچۆ".


"دامەزراندنى سێ بانکى ئەهلى گەورە لەهەرێمى کوردستان".


"بەرزکردنەوەى تواناى بەرهەمهێنانى چیمەنتۆ بۆ 10 ئەوەندە".


ئەم نۆ خاڵەى لێرەدا خراونەتە ڕوو، نموونەیەکى زۆر بچووکن لەبارەى گشتگیرى بەڵێنەکان و ئەستەمى جێبەجێکردنیان، چونکە بەشێکیان پێوەندییان بەکارى پەرلەمانییەوە نییەو بەرپرسیارێتى حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستانە، بەشێکى تریشیان ڕاستەوخۆ پەیوەستن بەکارنامەى حکومەت و پێوەندییان بەکارى پەرلەمانییەوە نییە، کە لەسەر سێ بنەما وەستاوە کە بریتین لە (یاسادانان، پەسندکردنى بودجەو حیساباتى کۆتایى، چاودێرى کارى حکومەت). لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵێنەکانى لیستى نەوەى نوێ لەهەندێک خاڵدا، نزیکن لەوەى بەڵێنى هەڵبژاردنى پەرلەمانى بن، چونکە جەخت دەکەنە سەر داڕشتنى یاساى تازە، یا هەموارکردنەوەى هەندێک یاساى پێشتر، ئەوەش بنەماى سەرەکى کارى پەرلەمانییە. 


جگە لەم تێبینییانە لەبارەى بەڵێنەکان، ئێستا بەچەند خاڵێک ڕادەى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى لیستى نەوەى نوێ دەخەینە ڕوو:

لەماوەى یەک ساڵى تەمەنى خوولى پێنجەمى پەلەمانى کوردستاندا، لیستى نەوەى نوێ هیچ یەکێک لەم (50) بەڵێنەى جێبەجێ نەکردووەو بەدینەهێناوە، کە لەکاتى هەڵبژاردنەکاندا بانگەشەى بۆ کردووە.

لەسەر پرسى "نەهێشتنى قەیرانى مووچەو گێڕانەوەى مووچەى تەواوى فەرمانبەران" کە یەکێک بوو لەبەڵێنەکانى لیستى نەوەى نوێ و بەدەنگدەرانى خۆیدا بوو، بەشێکى ئەم بەڵێنە لەساڵى یەکەمى تەمەنى پەرلەمانى کوردستاندا بەدیهاتووەو جێبەجێکراوە، کە بریتى بوو لەهەڵوەشاندنەوەى سیستەمى پاشەکەوتکردنى مووچە. بەڵام، جێبەجێکردنى ئەم بەڵێنە پێوەندى بەلیستى نەوەى نوێ نەبوو، بەڵکو لەلایەن کابینەى پێشتر بڕیارى لەبارەیەوە درابوو، کە نەوەى نوێ بەشدارى تێدا نەبوو، بۆیە ئەگەر دەسکەوتێک لێرەدا هەبوو بێت، بۆ نەوەى نوێ نەبووەو، هى پارتى و یەکێتى بووە وەکو دوو هاوبەش لەحکومەتى پێشوودا. 


کۆتایى


لەبارەى ڕێکخراوى لیکۆڵینەوەو گەشەپێدانەوە (RDO)

ڕێکخراوێکى ناوخۆیى سەربەخۆى نا حکومییە، ئیش لەسەر لێکۆڵینەوەو گەشەپێدان لەهەرێمى کوردستان دەکات و، لەساڵى (2011) دامەزراوەو، تا ئێستا ئەم چالاکییانەى خوارەوەى ئەنجامداوە:

ڕاپرسى لەشارەکانى هەرێمى کوردستان لەبەرژەوەندى د. بەرهەم سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان هاوینى ساڵى (2011).

ڕاپرسى دووەم لەشارەکانى هەرێمى کوردستان لەبەرژەوەندى د. بەرهەم سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەرەتاى ساڵى (2012).

پڕۆژەى ڕاهێنانى ڕۆژنامەنووسانى گەنج لەشارى هەولێر بۆ ماوەى یەک هەفتە، بەهاوبەشى لەگەڵ ڕێکخراوى (گەیاندن) و هاوکارى وەزارەتى ڕۆشنبیرى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەساڵى (2012).

پڕۆژەى تواناسازى سەرکردەى گەنجى ژنان بەهاوکارى ڕێکخراوى (گەیاندن) لەشارى هەولێر ساڵى (2012).

چاودێریکردنى پڕۆژە بڕیارى (1) ى ساڵى (2012) کە ناسراوە بەبڕیارى (17) خاڵى پەرلەمانى کوردستان لەساڵى (2012 ــ 2013)، بەهاوکارى ڕێکخراوى (NED) ى ئەمریکى.

پڕۆژەى چاودێرکردنى بەڵێنى لیستە براوەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ساڵى (2013).

جێبەجێکردنى پڕۆژەى لێکۆڵینەوەو گەشەپێدانى کچانى تەمەن (12 ــ 16) ساڵ، بەهاوبەشى (ICDW) و بەپاڵپشتى فەرمانگەى ڕێکخراوەکان لەکوردستان لەساڵى (2013 ــ 2014). 

جێبەجێکردنى تواناسازى کچانى ئێزیدى لەبوارى فۆتۆگرافى لەکەمپى خانکێى شارى دهۆک، بەپاڵپشتى (UNICEF) و حکومەتى ئیتالى لەساڵى (2015). 

بەشداریکردن وەکو چاودێرى نێودەوڵەتى لەهەڵبژاردنى سەرۆکایەتى تونس لەساڵى (2015).

جێبەجێکردنى پڕۆژەى تواناسازى میدیایى کچانى ئێزیدى و دۆکیۆمێنتکردنى پڕۆژەى بونیادنانى ئاشتى لەنەینەوا بەهاوکارى (UNDP) و (UPP) لەساڵى (2016).

جێبەجێکردنى (3) وۆرکشۆپ و (5) پێشانگاى فۆتۆگرافى بۆ کچانى ئێزیدى لەزانکۆى ئەمریکى لەسلێمانى و لەفەرەنساو لەئیتالیا، بەهاوکارى (UNICEF) لەساڵى (2016 ــ 2017) دا.

جێبەجێکردنى وۆرکشۆپ و ئامادەکردنى لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى دەرهاویشتە ساسییەکانى ڕیفراندۆم لەسەر هەرێمى کوردستان، پێشهات و دەرفەت و ئاستەنگەکان و، ناردنى بۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێم لەهاوینى ساڵى (2017) لەشارى سلێمانى، بەهاوکارى ڕێکخراوى (PAO).

جێبەجێکردنى وۆرکشۆپ و ئامادەکردنى لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى دەرهاویشتە ئابوورییەکانى ڕیفراندۆم لەسەر هەرێمى کوردستان، پێشهات و دەرفەت و ئاستەنگەکان و، ناردنى بۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێم لەهاوینى ساڵى (2017) لەشارى سلێمانى، بەهاوکارى ڕێکخراوى (PAO).

بەشداریکردن لەچاودێریکردنى بەڕێوەچوونى پرۆسەى ڕیفراندۆم لەهەرێمى کوردستان ساڵى (2017)، لەچوارچێوەى تۆڕى شەمس بۆ چاودێرى هەڵبژاردنەکان.

بەشداریکردن لەچاودێریکردنى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق  لەهەرێمى کوردستاندا لە (12/5/2018) دا، لەچوارچێوەى تۆڕى شەمس بۆ چاودێرى هەڵبژاردنەکان.

بەشداریکردن لەچاودێریکردنى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لەهەرێمى کوردستاندا لە (30/9/2018) دا، لەچوارچێوەى تۆڕى شەمس بۆ چاودێرى هەڵبژاردنەکان.

نووسینى لێکۆڵینەوەیەک بەزمانى عەرەبى بۆ (تۆڕى هاوپەیمانى کەمینەکان لەعێراقدا) لەبارەى ئایینى زەردەشتى لەساڵى (2018).

ئەنجامدانى ڕاپرسییەک لە(29) چاکسازى لە (11) شارى عێراق و، نووسینى لێکۆڵینەوەیەک بەزمانى عەرەبى بۆ (تۆڕى دادپەروەرى بۆ بەندییەکان لەعێراق)، لەبارەى گەڕانەوە بۆ سەر تاوان لەعێراقدا لەساڵى (2018).

ئامادەکردنى ڕاپرسى و لێکۆڵینەوەیەک لەبارەى دەرهاویشتە ساسییەکانى بەشدارى نەکردنى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لەهەڵبژاردنى سەرۆکى هەرێمى کوردستانداو، ناردنى بۆ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەى هەرێم لەساڵى (2019)، بەهاوکارى ڕێکخراوى (PAO).

ئەنجامدانى ڕاپرسییەک لەنێو چاکسازییەکان و، نووسینى لێکۆڵنەوەیەک لەبارەى ئالوودە بوون بەمادەى هۆشبەر لەهەرێمى کوردستان و چاپکردنى وەکو کتێبێک لەساڵى (2019)، بەهاوکارى ڕێکخراوى (PAO). 

چاودێریکردنى ڕادەى جێبەجێکردنى بەڵێنى لیستە براوەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانى ساڵى (2018)، لەماوەى یەک ساڵدا.      




ئه‌م بابه‌ته ‌1098 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:25:22/11/2019