ئەمڕۆش خۆپیشاندان لە بەغدا قوربانی لێکەوتەوە

ئەمڕۆش جارێکی دیکە لە خۆپیشاندانەكانی شاری بەغداد گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو و  خۆپیشاندەرێك بە گوللـەی هێزە ئەمنیەكان كوژرا.

بەگوێرەی هەواڵەکان، لە خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆ هەینی لە شەقامی رەشیدی شاری بەغداد، خۆپیشاندەرێك بە گوللـەی هێزە ئەمنیەكان كوژراوە.

هاوکات ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند بەرپرسێكی بەندەری "ئوم قەسر"ەوە بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ هەینی هێزە ئەمنییەكان توانیویانە دوای بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران بەزەبری هێز، بەندەری ئوم قەسر بكەنەوە.

ئاژانسەكە لەزاری ئەو بەرپرسانەی بەندەرەكەوە بڵاویكردۆتەوە كە كارمەندان توانیویانە بچنە ناو بەندەری ئوم قەسر كە لە رۆژی دوشەممەوە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخرابوو.

خۆپیشاندانەکانی عێراق لە 25ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە بەردەوامی هەیە، داوا دەکەن خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە زیاتر بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا داواکارن دەستەی نەزاهە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران بکات.


PM:03:56:22/11/2019