شەڕوپێکدادانەکان لە ناوچەی عەین عیسا بەردەوامە


بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ لە ناوچەکە، ئەمڕۆ شەممە ڕێککەوتی ٢٣ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ شەڕو پێکدادان لە ناوچەی عەین عیسا دەستیپێکردەوە.

 

سەرچاوەکان باس لەوەشدەکەن، هێزەکانی حکومەتی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە چەند قۆڵێکەوە هێرشیانکردوەتە سەر ناوچەکانی ناحیەی عەین عیسا لە نزیک رێگەی نێودەوڵەتی ناسراو بە M4، هاوکات بە گولەهاوەن هێرشیانکردوەتە سەر ناوەندی شارەکە.

 

سەرچاوەکان ئاماژە بەوەشدەکەن" شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک " قەسەدە" لە چوارچێوەی مافی پاراستنی ڕەوادا بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە هێرشەکان بە ئامانجی داگیرکەری بەردەوامن".

 

رێگەی نێودەوڵەتی ناسراو بە M4 کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات بە پارێزگای حەلەب دەبەستێتەوە، هەر یەک لە روسیا و تورکیا ئامانجی جیاوازیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو رێگایە هەیە، بەجۆرێک ئەنقەرە دەخوازێت ئەو رێگا ستراتیژییە بکاتە خاڵی دابەشکردنی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی لەگەڵ حکومەتی سوریادا.

 

رۆژی چوارشەممە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، بە سەرپەرشتیی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هێرشی زەمینی و ئاسمانیی سوپای تورکیا و گرووپە توندڕەوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، دەستی پێ کرد. 

 

 

 


AM:10:53:23/11/2019