خۆپیشاندەران لە هەوڵداندان خۆپیشاندانەکان بگەیەننە کەربەلا

دوای ئەو وتارەی ئەم هەینیەی رابردووی عەلی سیستانی کە جێگەی نیگەرانی خۆپیشاندەران بوو، لیژنەی هەماهەنگی خۆپیشاندەران لە هەوڵدان خۆپیشاندان بەرنە شاری کەربەلاوە کە تاکە شاری باشووری کوردستانە تا ئیستا خۆپیشاندان نەیگرتۆتەوە.

 
لە بەیانێکدا لە لیژنەی هەماهەنگی خۆپیشاندانەکانی بەغداو باشووری عێراقەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاکراوەتەوە، تیایدا هاتووە" لە کەربەلا خۆپیشاندان دەستپیدەکەین بەمەبەستی داخستنی کۆمپانیای کەفیل و نەخۆشخانەی کەفیل و هەموو پرۆژەکانی سەر بە عەتەبەی حوسینیەو عەباسەیە".

 
هەروەها لەو بەیانەدا هاتووە " جەماوەری شۆڕشگێڕ دەبێت چارەنووسی داهاتی شوێن و مەزارە پیرۆزەکانی کەربەلاو نەجەف بزانێت و رادەستی گەل بکرێتەوەو بۆ پاڵپشتی شۆڕشگێرەکان".

 
داواش دەکەن، وەفدێک لە خۆپیشاندەرانی عێراق پێکبهێنرێت و سەردانی عەلی سیستانی بکرێت و ئەویش خۆی پێشوازیان لێ بکات، بزانن ماوە، یان نەماوەو گەلانی عێراقی پێ فریوودەدەن.

 
توڕەیی خۆپیشاندەران دوای دوا وتاری مەرجەعی گەورەی شیعە عەلی سیستانی دێت کە رۆژی هەینی لەلایەن نوێنەریەوە خوێندرایەوەو تەنها جەختی لەسەر ئەوە کرد، هەڵبژاردن بکرێتەوەو بڕیار لەسەر یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن بدرێت، هیچ باسێکی لەسەر لابردنی عادل عەبدولمەهدی و کابینەکەی نەکردبوو. 
 




PM:05:21:23/11/2019