سەنتەری میترۆ لە ئێستادا لەگەڵ دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندندا نییە


سەنتەری میترۆ لە "ئێستا" دا لەگەڵ دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای راگەیاندندا نییە کە سەندیکای رۆژنامەنووسان سەرقاڵی ئامادەکردنیەتی.

لە راگەیەندراوێکدا سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان رایدەگەیەنێت "یاسامان زۆرن بۆشاییەكی ئەوەنە گەورە دروست نەبووە تا ئەنجمومەنێكی باڵای میدیا قوتبكەینەوە، بەڵكو گرنگ جێبەجێكردنی یاسكانی پێشووە".

دەقی بەیاننامەکە..

سەنتەری میترۆ : (نا) لە ئێستادا

23ی تشرینی دوهەمی 2019: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە دامەزراوەكانی میدیا و رۆژنامەنوسانی كوردستان دەكات، پەلەنەكەن لە پشتیوانی پرۆژە یاسای دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای میدیا، لەم قۆناغەدا داوای جێبەجێكردنی یاسای رۆژنامەگەری بكەن.

لە چەند شوێنێكەوە لەوانەش سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، یەكێتی ئافرەتانی كوردستان، چەند مامۆستایەكی زانكۆ، كۆڕوكۆبونەوە بە دامەزراوەكانی میدیا و رۆژنامەنوسان دەكەن بە ئامانجی گفتوگۆ لە بارەی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی باڵای میدیا لە هەرێمی كوردستان .

سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان لە كۆبونەوەی ناوخۆیی لە ژێر ناوی(كۆنفرانسی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی چوارەم)، بریاریداوە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆنگرەی داهاتوویان جەختیانكردۆتەوە كە " كاربكەن لەسەر رێكخستنی بواری میدیا لەكوردستان، لە رێگەی پرۆژە یاساكانی ئەنجومەنی باڵای میدیا و یاسای بینراو بیستراو"، تا ئێستا پرۆژە یاساكانیان بۆ رای گشتی بڵانەكراوەتەوە.

بەڕێوەبەری METRO، لە یەكێك لەو دیدارانە ئامادەبوو، بە راشكاوی رای خۆی لەسەر پرۆژە یاساكە خستە روو.

لە ساڵی 1992وە، پەرلەمانی هەرێمی كوردستان (6) یاسای لە بواری چاپەمەنی و رۆژنامەگەری و زانیاری دەركردووە كە بریتین لە یاسای چاپەمەنی هەرێمی كوردستانی عێراق ، ژمارە (10) ی ساڵی 1993، یاسای سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانی عێراق، ژمارە (4) ی ساڵی 1998، یاسای بڵاو كردنەوە لە رۆژنامەی رەسمیدا (وەقایعی كوردستان ) ژمارە (4)ی ساڵی 1999 ، یاسای سندوقی خانەنشینی رۆژنامەوانی كوردستان ژمارە (13)ی ساڵی 2001 ، یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان ،ژمارە (35) ی ساڵی 2007 ، یاسای ژمارە (11)ی ساڵی 2013 یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق.

لە پاڵ ئەم یاسایانە وەزراەتی رۆشنبیری رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2014، رێنمایی رێكخستنی فریكوانسی سپەیس لە هەرێمی كوردستان كە وەزارەتی رۆشنبیری دەریكردووە (سەرباری سەرنجمان لەسەر ئەو رێنماییانە).

میترۆ رایدەگەیەنێت "یاسامان زۆرن بۆشاییەكی ئەوەنە گەورە دروست نەبووە تا ئەنجمومەنێكی باڵای میدیا قوتبكەینەوە، بەڵكو گرنگ جێبەجێكردنی یاسكانی پێشووە"
سەنتەری میترۆ جەختدەكاتەوە "ئەگەر مەبەست لە دامەزراندنی ئەنجومەنێكی لەو شێوەیە زامنی رەوشتی پیشەیی بكات و كاری میدیا رێكبخات، ئەوە یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان ،ژمارە (35) ی ساڵی 2007 و پاشان بەڵێنامەی شەرەفی فیراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان وەك پێوەرێك بۆ جیبەجێكردنی ئەركی پیشەیی، دەتوانن لەم قۆناغەدا پشتیان پێببەسترێت و پەنا بۆ دەركردنی یاسای تر نەبرێت"

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان داوا لە دامەزراوەكانی میدیا و رۆژنامەنوسانی كوردستان دەكات، پەلەنەكەن لە پشتیوانی دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای میدیا، لەبری ئەوە با كۆششی دەستەجەمعی هەبن بۆ پشتیوانی یاسای رۆژنامەگەری و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی. بۆ ئەوەی بە تەواوی یاساكە نەخرێتە ناو ژوری ئەرشیفی دادگاكان.

ئەمەش بەو مانایە نییە ئەنجومەنێك بۆ رێكخستنی كاری میدیای هەڵەیە، چونكە لە هەندێ سیستمی دیموكراسیدا ئەم ئەزموەنە پیادەكراوە، بەڵام لە وڵاتێكدا كە دەسەڵاتەكانی جیا نەكرابنەوە، دەزگا سەربەخۆكانی بە "بەش بەشكاری" حزبەكان دابنرێت، هیچ زەمانتێك نییە بۆ ئەوەی خەمی ئەنجومەنەكە فراونكردنی ئازادی كاری رۆژنامەنوسی بێت.

 


AM:09:17:24/11/2019