ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا زانیارییەکانی دوو پەرلەمانتاری گۆڕان لەبارەی بەهەدەردانی سامانی گشتی لەلایەن ئەنجومەنەکەوە ڕەتدەکاتەوە.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی بەوەداوە کە هەریەک لە ئاشنا عەبدوڵا و دابان محەمەد، ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، بابەتێکیان لەسەر ئەنجومەنەکەیان بڵاو کردووەتەوە، داواشیان لەو دوو پەرلەمانتارە کردووە، ڕەچاوی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان و هەروەها ڕەچاوی ساتی هەڵمەتی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییان لە دژی ژنان بکردایە و زیاتر وردبینییان بۆ بڵاوکردنەوەی بابەتەکەیان بکردایە.
هەروەها جەختکراوەتەوە "ئێمە لە ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان، گشت تۆمەتێكی بەهەدەردانی ماڵی گشتی ڕەت دەكەینەوە و ئامادەین بۆ هەر لێكۆڵینەوەیەكی ئوسوڵی و یاسایی لەو بوارەدا".
پێشتر ئەو دوو پەرلەمانتارە، ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانیان بەوە تۆمەتبار کردبوو کە بڕێک پارەیان لە بودجەی گشتی بە کڕینی بابەتی ناپێویست، بە هەدەر داوە.
PM:01:50:24/11/2019