ڕەزامەندی لەسەر کردنەوە لقێکی بانک ناوەندی عێراق لە سلێمانی دەدرێت
پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق رایدەگەیەنێت، كردنەوەی لقی سلێمانی بانكی ناوەندی عیراقی چاوەروانی داواكاریەكی فەرمیە لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمەوە و چەند پەرلەمانتارێکیش بۆ ئەو مەبەستە داواکارییەک ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکەن.
هەریەکە لە ئەحمەد حاجی رەشید و شیروان میرزا، هۆشیار عەبدوڵا کە سێ ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایانكردوە، ئەمرۆ سێشەممە وەك لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق میوانداری علی علاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراقمان كرد پەیوەست بە چەند گرفت و كێشەیەك لە سیاسەتی نەختینەی عێراق گفتوگۆمان كرد.
ئاماژەیان بەوەشكردوە، لەو كۆبونەوەیەدا و لە دەرەوەی تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە پرسیاری مەلەفی كردنەوەی لقی سلێمانی بانكی ناوەندی عیراقیمان خستەڕوو، داوای رونكردنەوەمان كرد كە دۆسێكە گەیشتوە بە كوێ .
ئەو سێ ئەندامە كوردە باسیان لەوەشكردوە، لە ئەنجامی گفتوگۆدا پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق علی علاق رایگەیاند ئەگەر نوسراوێكی فەرمیمان لە ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمەوە پێبگات دەستدەكەین بە كردنەوەی لقی سلێمانی و رەزامەندی ئەدەین لەسەر كردنەوەی لقی بانكەكەمان لە سلێمانی.
پەرلەمانتارە كوردەكان راشیانگەیاندوە، داواكارین ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە بە زوترین كات داواكاریەك ئاراستەی بانكی ناوەندی عیراق بكات.
PM:04:22:26/11/2019