" مەکتەبی سیاسی یەکێتی سبەی بڕیار لەسەر سازدان، یان دواخستنی کۆنگرە دەدات "

مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان سبەی هەینی ٢٩ ی تشرینی دووەم لە سلێمانی کۆدەبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو هەنگاو و ئامادەکاریانەی نراون بۆ بەستنی کۆنگرەو لەبەر رۆشنای ئەو هەڵسەنگاندنانە، دوا بڕیار لەسەر سازدانی کۆنگرە لە ٧ کانوونی یەکەمدا، یان دوا خستنی بۆ چەند رۆژێک، دەدرێت.

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە " سپی " راگەیاند " تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەسەر دواخستنی کاتی کۆنگرە لە ئارادا نییەو هەڵبژاردنی مەڵبەندەکانیش رۆژی شەممە بە ئاسایی تێدەپەڕێت".

 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە رەنگە لەناو ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، یان ئەندامانی سەرکردایەتی، کەسانێک هەبن لەگەڵ دواخستنی کۆنگرەدا بن لەبەر هۆکاری خودی، یان بەهانەی بابەتیان هەبێت، بەڵام وەک مەکتەبی سیاسی و جێگرانی سکرتێری گشتی تا ئێستا هیچ بڕیارێک لەسەر دواخستنی کۆنگرە نەدراوە.

 

لە ماوەی رابردوو کۆنفرانسی کۆمیتەکان ئەنجامدران بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانیان بۆ کۆنفرانسی مەڵبەندەکان کە بڕیارە شەممەش کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ئەنجام بدرێت و لەو کۆنفرانسەوە ئەندام هەڵدەبژێردرێن بۆ کۆنگرەی یەکێتی.

 

هەروەها ئەو حیزبە هەڵبژاردنی مەکتەبەکانی یەکێتی ئەنجام داو لە هەر مەکتەبێک ٧ ئەندام هەڵبژێردران بۆ کۆنگرە، مەکتەبی رێکخستن نەبێت کە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ٩ ئەندامی هەڵبژارد.

 

تا ئێستا بڕیارە رۆژی ٧ ی کانوونی یەکەم کۆنگرە بە بەشداری ١١٢٠ ئەندام بەبەسترێت، لەو ژمارەیە ١٠٠٠ ئەندامی لە رێکخستن و مەکتەبەکانی یەکێتییەوە هەڵبژێردراون، ١٢٠ کەسیشیان جاران سکرتێری گشتی سەرپشکبوو لە هێنانیان بۆ کۆنگرە، ئێستا ئەو دەسەڵاتە دەدرێت بە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی. 

 

 



PM:08:07:28/11/2019