بەوێنە:پێشمەرگەی ھەولێر دوو خاڵی لەدەستدا


لەگەڕی شەشەمی خولی نایابی کوردستان، پێشمەرگەی ھەولێر میوانداری دەربەندیخانی کرد و ھەردوو یانە بەگۆڵێک یەکسان بوون.

یارییەکە لەکەش و ھەوایەکی سارد و باراناوی پیرمام بەڕێوەچوو، لە نیوەی یەکەمدا ئاستی ھونەری یارییەکە مام ناوەندی بوو، بەجۆرێک کە زۆرترین کات تۆپ لەناوەڕاستی یاریگە یاری پێدەکرا، لێ زۆری ڕێژەی باران بارینیش کاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانانی ھەردوو یانە ھەبوو.

لەسەرەتای نیوەمیشدا، پێشمەرگەی خاوەن ماڵ باشتر دەبیندراو، فشارییان لەسەر دەربەندیخان ھەبوو، لە خولەکی ٧٣ (ئاکام ھاشم) دوای ھاتنی بۆ ناو یاریگە بە لێدانی سەر گۆڵی یەکەمی تۆمارکرد، پێشکەوتنی پێشمەرگە ٧ خولەکی خایاند و لە خولەکی ٨٠ دەربەندیخان گۆڵی یەکسان بوونی تۆمارکرد.
یارییەکە تا کۆتایی بەو ئەنجامە مایەوە و ھەر یەکەو خاڵێکیان بەدەستھێنا.
بەو ئەنجامەیش پێشمەرگەی ھەولێر، ژمارەی خاڵەکانی بوون بە ٨ خاڵ لە پێنج یاریدا و لە خانەی شەشەم دێت، دەربەندیخانیش بە ٩ خاڵ خانەی پێنجەمی بەدەستە.

راگەیاندنی یانەی پێشمەرگەی هەولێر
 


PM:08:54:28/11/2019