" محەمەد حەلبوسی دەستلەكاردەكێشێتەوە "

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق،  محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق لەكاتی ئەنجامدانی كۆبوونەوەكانی هەفتەی داهاتوو دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش دەكات.

 

بەپرسێكی باڵای عیراق بە ئاژانسی سۆمەریەنیوزی ڕاگەیاند" هەفتەی داهاتوو محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق دەستلەكاردەكێشێتەوە".

 

بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی عیراقەوە بەرپرسانی عیراق خەریكی دەستلەكاركێشانەوەن، بەپێی زانیارییەكانیش ئەمڕۆ هەینی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ئاڕاستەی پەڕلەمانی عیراق دەكات.

 

محەمەد حەلبوسی، ناوی تەواوی محەمەد رێكان حەدید عەلی حەلبوسی-یەو لە دایكبووی ساڵی ١٩٨١ەو لە پارێزگای ئەنبار لە دایك بووە، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی عێراق بووە و ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ پارێزگاری ئەنبار بووە.

محەمەد حەلبوسی بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە هەندەسەی مەدەنی هەیە لە زانكۆی مستەنسریە لە ساڵی ٢٠٠٢، هەروەها بڕوانامەی ماستەر لە ئەندازیاری هەیە لە ساڵی ٢٠٠٦بەدەستیهێناوە.

حەلبوسی هاوکات بڕوانامەی هەیە لە دبلۆمی زمانی ئینگلیزیدا لە سەنتەری گەشەپێدان لە زانكۆی مستەنسریە، و بەشداربووە لە كۆنگرەكانی پەرلەمانی نێودەوڵەتی لە ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ دا، هەروەها بەشداربووە لە كۆنگرەی پەرلەمانی ئیسلامی لە ساڵی ٢٠١٦ دا.

 

محەمەد حەلبوسی لە ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٨  كاندیدی میحوەری وەتەنی بە بەدەستهێنانی ١٦٩ دەنگ بە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.

 



PM:05:00:29/11/2019