عێراق.. وتەبێژی سەرۆک وەزیران دەستی لەکارکێشایەوە

بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی عادل عبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کەمێک پێش ئێستا عەبدولکەریم خەلەف، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە.

 

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە" لەمیانی بەردەوامی ئالۆزییەكاندا، عەبدولکەریم خەلەف، وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست لەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند".

 

بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەكانی عیراقەوە بەرپرسانی عیراق خەریكی دەستلەكاركێشانەوەن، بەپێی زانیارییەكانیش ئەمڕۆ هەینی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە دەستلەكاركێشانەوەی خۆی ئاڕاستەی پەڕلەمانی عیراق دەكات.

 

هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی فراکسیۆنی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوایکرد کە سبەی شەممە پەرلەمان بۆ ئەم مەبەستە کۆببێتەوە و دەستلەکارکێشانەوەکەی عادل عەبدولمەهدی قبووڵ بکات و رایگەیاند "ئێمە لەگەڵ وتاری مەرجەعیەتیدان و حکومەتێکی تەکنۆکرات و سەربەخۆمان دەوێت". 

 

هەروەها بەهۆی بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆکوەزیران، لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە خۆپیشاندەران ئاهەنگدەگێڕن.

 

خۆپیشاندانەکانی عێراق بۆ جاری دووەم لە ٢٥ی تشرینی یەکەمەوە دەستیان پێکردۆتەوەو تا ئێستاش بەردەوامە، خۆپیشاندەران لە عێراق و چەند پارێزگایەکی تری عێراق ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای هەڵوەشانەوەی حکومەت و هەمووارکردنەوەی دەستورو هەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن، لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراون و نزیکەی ١٥ هەزاری دیکەش بریندار بوون.

 
 


PM:06:28:29/11/2019