واشنتن سەبارەت بە دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە دەنگ

ئەمشەو هەینی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا دوابەدوای بڕیاری دەست لەكار كێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هاتە دەنگ و رایگەیاند" پێویستە سەركردەكانی عێراق دەمودەست وەڵامی داوا یاساییەكانی خۆپێشاندەران بدەنەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وتەبێژی فەرمیی باڵیۆزخانەی ئەمریكا ڕایدەگەیەنێت" ئەمریكا هاوخەمە لەگەڵ هاووڵاتیانی نیگەرانی عێراق، بەردەوامیش دەبن لە هاندانی حكومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی ئەو چاكسازییانەی خۆپێشاندەران داوای دەكەن، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە بێ كاری و گەندەڵی و چاكردنی سیستەمی هەڵبژاردن".

 

ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ هەینی  عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی پەرلەمان دەکات و رایگەیاند "من پێشتر ئه‌م بژارده‌یه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و نیشتمان، به‌شێوه‌یه‌كی راشكاوانه‌ پێشنیاز كردبوو".

 



PM:09:06:29/11/2019