وتەبێژى یەکێتى سەبارەت بە کۆبوونەوەى مەکتەبى سیاسى ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

ئەمشەو هەینی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا وتەبێژى مەکتەبى سیاسى یەکێتى رایگەیاند" لە کۆبوونەوەوى ئەمڕۆى مەکتەبى سیاسیدا بڕیاری پێویست بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكانى کۆنگرە درا".

 

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت" ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی و ئامادەبوونی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا".

 

وتەبێژەکەی یەکێتی ئاماژەی بەوەشکرد"  لە كۆبوونەوەكەدا بەوردی تاوتوێی باردۆخی عێراق تاوتوێ كرا، جەخت كرایەوە لەسەر ئەوەی كە كورد وەك پێكهاتەیەكی گەورەی ئەم وڵاتە هەمیشە بەشێكە لە چارەسەرو  ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان دەخەینەگەڕ، لەو هەلومەرجە  هەستیارەدا تا لە چوارچێوەی دەستوورو بەڕێوشوێنی ئاشتیانە لەژێر ڕۆشنایی بەرژەوەندی باڵای وڵاتدا كێشەكان چارەسەر بكرێن".

 

ناوبراو وتیشی" تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە دوای گوێگرتن لە ڕاپۆرتی لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرە، بڕیاری پێویست بۆ تەواوكردنی ئامادەكارییەكان درا".

 

هاوکات هەر ئەمشەو دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی ڕایگەیاند" بەڕێگاوەین بەرەو كەرنەڤاڵی سەركەوتنی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان و لەوێشەوە بەرەوكۆنگرەیەكی سەركەوتوی بەهێزكردنەوەو نوێكردنەوەی یەكێتی، سبەینێ وادەی بەڕێوەچونی كۆنفرانسی مەڵبەندەكان رادەگەیەنرێت".

 

یەكێتی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی ١٩٧٥دامەزراوە، تاوەكو ئێستا سێ كۆنگرە و دوو كۆنفرانس و پێنج پلینیۆمی بەستووە. 

 

دوایین كۆنگرەی یەكێتی لە ١/٦/٢٠١٠ بوو. دەبوایە لە مانگی ئاداری ٢٠١٣ چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێت‌، بەڵام لەبری كۆنگرە لە١٠/١٠/٢٠١٣پلینیۆمی بەست و دواتر بڕیار بوو لە ٧/٣/٢٠١٨ كۆنگرە ببەستێ‌، بەڵام بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی كۆنگرەكە نەكرا. 

 

دواجار لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی لە رۆژی ٧/٩/٢٠١٩ لە سلێمانی، بڕیار درا رۆژی٧/١٢/٢٠١٩  چوارەمین كۆنگرەی خۆی ببەستێ‌.

 

بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی یەكێتی، زیاتر لە ٥٠٠ كەس لە ئەندامانی كۆنگرە وەك ئەندامانی مسۆگەرن. ئەوانیش: ئەندامانی مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، ئەنجوومەنی ناوەند و پەرلەمانتارانی یەكێتی، تێكۆشەرە دێرینەكان و ئەندامانی پێشووی سەركردایەتین.

 
 
 
 
 


ئه‌م بابه‌ته ‌1414 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:27:29/11/2019