مەسعود بارزانی: بە بایەخەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق دەكەین

ئەمڕۆ ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دۆخی ئێستای عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند" بەبایەخەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەكانی ئەم دوایە دەكەین و پێشوازی لە هەر هەنگاوێكیش دەكەین كە كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی قەیرانەكە هەبێت".

 

بارزانی لە پەیامەکەیدا وتیشی" ڕێگە لە ڕووخان و فەوزا یان گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەتی شووم بگرێت. لە هەر گۆڕانكارییەكیشدا پێویستە مافی هەموو پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێت و، هەر گۆڕانێك دەبێ بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكان بێت".

 

دەقی پەیامەکەی بارزانی 
 
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
بە بایەخەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەكانی ئەم دوایە دەكەین و پێشوازی لە هەر هەنگاوێكیش دەكەین كە كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی قەیرانەكە هەبێت و ڕێگە لە ڕووخان و فەوزا یان گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیكتاتۆرییەتی شووم بگرێت. لە هەر گۆڕانكارییەكیشدا پێویستە مافی هەموو پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێت و، هەر گۆڕانێك دەبێ بەپێی میكانیزمە دەستوورییەكان بێت. هەروەها ئامانج لێی چەسپاندنی ئاساییش و سەقامگیری و باڵادەستیی یاسا بێت و داواكارییە ڕەواكانی جەماوەری بەشخوراویش بەدی بهێنێت.
 
هەر لێرەدا ئیدانەی توندوتیژییە بەردەوامەكان و كوشتنی خەڵكی بێگوناح دەكەین و، سەرەخۆشیش لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوەی خێرایش بۆ برینداران دەخوازین.
 
مسعود بارزانی
 
30ـی 11ـی 2019

 


PM:03:50:30/11/2019