بڕیارى کۆتایى لە بارەى هەڵبژاردنى مەڵبەندەکانى یەکێتییەوە درا

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ راگەیاندنی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی یەكێتی رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند" داوای لە مەڵبەندەکانی رێکخستن کردەوە تا هەرچی زوترە هەر مەڵبەندێک لیستی کۆتایی ناوی کاندیدەکانی بگەیەنێتە لیژنەکەیان و  تەواوی پێداویستیە لۆجیستی و تەکنیکیەکانی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ئامادەیە".

 

دەقی رونكردنەوەكە..


رونکردنەوەیەک لەراگەیاندنی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان.

 

کۆمسیۆنی باڵای ئامادەکاری چوارەمین کۆنگرە، لەسەر بڕیاری بەڕێز مەکتەبی سیاسی بۆ هەڵسەنگاندنەوەی پشکی ئۆرگانەکان ( بەتایبەت مەڵبەندەکانی رێکخستن ) و ڕاگەیاندنی وادەی بەڕێوەچوونی کۆنفرەنسی مەڵبەندەکان، لەبارەگای مەکتەبی سیاسی کۆبونەوە و بەوردی گفتوگۆ لەسەر ڕاسپاردە و بڕیارەکانی کۆبونەوەکەی مەکتەبی سیاسی  و داخوازی مەڵبەندەکان لەپێداچوونەوە بە پشکەکانیان بۆ بەشداری لە چوارەمین کۆنگرەدا کرا و دوای تاوتێکردنی هەمەلایەنەی پشکەکان، داواکاری مەڵبەندەکان جێ بەجێ کرا.

بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان، داوای لە مەڵبەندەکانی رێکخستن کردەوە تا هەرچی زوترە هەر مەڵبەندێک لیستی کۆتایی ناوی کاندیدەکانی بگەیەنێتە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان و لیژنەی باڵا دڵنیایی دەداتە هەڤاڵان کە تەواوی پێداویستیە لۆجیستی و تەکنیکیەکانی بۆ بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی مەڵبەندەکان ئامادەیە.

راگەیاندنی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان

30/11/2019



PM:05:28:30/11/2019