حكومەتی هەرێم لەبارەی بڕیاری دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بڕیاریدا

حكومەتی هەرێمی كوردستان، داوا دەكات پرۆژەیاسای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست بگەڕێنرێتەوە ئەنجومەنی وەزیران و "بەرەچاوكردنی سوود ‌و بەرژەوەندی گشتی ‌و باری دارایی هەرێمی كوردستان پێداچوونەوەی پێدا بكرێت".

لە نووسراوێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كە بۆ پەرلەمانی كوردستانی ناردووەتەوە و واژۆی د. ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی لەسەرە، ئەوە خراوەتەڕوو، گۆڕانكاری لە ئامار‌ و داتای دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست كراوە، هەر بۆیە داواكراوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان پێداچوونەوەی پێدا بكرێت، ئەوەش "بەڕەچاوكردنی سوود ‌و بەرژەوەندی گشتی ‌و باری دارایی هەرێمی كوردستان".

پێشتریش سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، یاسای تاپۆكردنی خانووە زێدەڕۆكانی بۆ پەرلەمانی كوردستان ناردەوە ‌و هۆكارەكەشی روونكردبووەوە كە گەڕاندنەوەی یاساكە لەسەر داوای سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بووە، بەهۆی بوونی چەند تێبینییەك لەسەر هەندێك لە بڕگە و ماددەكانی یاساكە.


PM:02:27:02/12/2019