عێراق.. بە موشەک هێرشکرایە سەر بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا

ئەمشەو سێ شەممە ٣ی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ بە موشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد کە بنەکەیەکی سەربازی ئەمریکییەکانە لە پارێزگای ئەنبار.

 

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند" ئەمشەو بە پێنج موشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە قەزای هیتی سەر بە پارێزگای ئەنبار، هیچ زیانێكیان لێنەكەوتۆتەوە و تاوەكو ئێستا دەرنەكەوتوە كە سەرچاوەی هاتنی موشەكەكان كوێ‌ بووە".

 

٢٦ی ١٢ی ٢٠١٨ دۆناڵد ترەمپ سەردانی ئەم بنکە سەربازییەی کرد، دوو هەفتە پێش ئێستاش مایک پێنسی جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەردانی ئەم بنکە سەربازییەی کرد و لە هەردوو سەردانەکەدا بەرپرسانی عێراق ئامادەنەبوون لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا و جێگرەکەیدا لەو بنکەیەدا کۆببنەوە.

 

بنکەى سەربازى ئاسمانى عەین ئەسەد، یەکێکە لە گەورەترین بنکە ئاسمانییەکان لە عێراق و هێزەکانى ئەمریکاى تێدا جێگیرە.

 

بنكەی عەین ئەسەد، ١٠٨ كیلۆمەتر لە خۆرئاوای ڕومادیەوە دوورە، و بەر لە ساڵی ٢٠٠٣ بە قادسیە ناودەبرا و لە ساڵی ١٩٨٠وە كاركردن تێیدا دەستیپێكرد و لە ساڵی ١٩٨٧دا لەڕێی گروپێك لە كۆمپانیا یوگسلاڤییەكان تەواوكرا كە تێچووەكەی گەیشتە ٢٨٠ ملیۆن دۆلار تا ٥٠٠٠ سەربازی تێدا جێگەبكرێتەوە، لەگەڵ بارەگای سەربازی پێویست بۆیان و شوێنی داڵدەدان و پەناگە بۆیان، وێڕای عەمباری تۆكمە و سەربازگە و پەناگەی پێویست بۆ فڕۆكەكان و یاریگا و شوێنی خزمەتگوزاریی.

 

هاوکات پارێزگای ئەنبار یەکێک لە پارێزگاکانی عێراقە، ناوەندی ئەم پارێزگایە شاری ڕومادییە، ئەنبار گەورەترین پارێزگای عێراقە کە کەوتۆتە ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە، بە پێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ٢٠٠٣ ژمارەی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە ١،٢٣٠،٠٠٠ کەس بووە.



PM:08:28:03/12/2019