ساونا، چیە و سود و زیانەکانی چین؟

ساونا سەدان ساڵە بەکارهێنراوە و تاوەکو ئێستاش خەڵکانێکی زۆر چێژ لە ساوناکردن دەبینن لە سەرانسەری جیهاندا. 

 

ساونا چیە؟ 

 

ساونا بریتیە لە ژورێکی تەختە کە بە گشتی پلەی گەرمیەکەی لە نێوان 70 بۆ 100 پلەی سەدیدایە، بەگشتی ساونا وشکە و ڕێژەی شێی تێیاندا لە 10 بۆ 20 پلەدایە. 

سودەکانی ساونا : 

 

- کاتێک کەسێک لە ساونا دادەنیشێت، ڕێژەی لێدانی دڵ زیاد دەکات دەمارە خوێنبەرەکان فراوان دەبن، بەوەش سوڕی خوێن زیاد دەکات. 

 

- زیادبوونی سوڕی خوێن لە جەستەدا، سودی هەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژبوونی ماسولکە، جوڵەی جومگەکان زیاد دەکات و ئازاری هەوکردنی جومگەکانیش کەم دەکاتەوە. 

 

- ساوناکردن هەستی هێوربوونەوە و ئارامبوونەوە زیاد دەکات و مرۆڤ زیاتر هەست بە ئارامیی دەکات. 

 

- لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لە وڵاتی فینلەندا ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ئەو کەسانەی کە لە هەفتەیەکدا زیاتر لە سێ جار ساونا دەکەن، مەترسی مردنیان بەهۆی نەخۆشیەکانی دڵەوە بە ڕێژەی 22% کەمی کردووە. 

 

- بەهۆی ئەوەی ساونا سوڕی خوێن باشتر دەکات، لە ئەنجامدا کارکردنی دڵیش باشتر دەبێت. 

 

- ساوناکردن وەک وەرزش کردن سودی هەیە بۆ دڵ و خوێنبەرەکان، چونکە دانیشتن لە ساونادا وادەکات دڵ لە هەر خولەکێکدا 150 جار لێبدات بەمەش سوڕی خوێن زیا دەبیێت و هەمان کارگەری وەرزش دەگەیەنێتە سەر دڵ. 

 

زیانەکانی ساونا:

 

لەگەڵ ئەوەی ساوناکردن بە ڕێژەیەکی مامناوەند زیانی نیە، بەڵام دەکرێت ئەم زیانانەی هەبێت کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدەکەین: 

 

- دەرچوون لە ساونای گەرم بۆ ناوی ئاوی ساردی مەلەوانگە زیانی هەیە و لەوانەیە ببێە هۆی بەرزبوونەوەی فشاری خوێن. 

 

- لەکاتێکدا ساوناکردن دەبێـتە هۆی دابەزاندنی فشاری خوێن، ئەوانەی فشاری خوێنیان نزمە دەبێت ئاگاداربن و پێشتر ڕاوێژ بە پزیشکەکانیان بکەن. 

 

- ئەکەسانەی جەڵتەی دڵ لێیداون لە پێشوتردا، دەبێت پێش ساوناکردن ڕاوێژ بە پزیشکەکانیان بکەن. 

 

- بەهۆی ئەوەی ساوناکردن عارەقە زۆر بە مرۆڤ دەکاتەوە، ئەو کەسانەی کێشەی گورچیلەیان هەیە مەترسی وشکبوونەوەیان لێدەکرێت، بۆیە پێویستە ڕاوێژ بە پزیشک بکەن و بڕە ئاوی زۆر بخۆنەوە. 

 

 



AM:12:02:04/12/2019