ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە وخوێندنەوە بۆ چەند پرۆژە یاسایەک دەکات

بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە ئەمڕۆ چوار شەممە پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە، بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەش پێداچوونەوە بەچەند ماددەو بڕگەی یاسایی بەخاوەنکردنی زەوییە زێدەڕۆکان یەکێک لەتەوەرەکانی کۆبوونەوەکە دەبێت. 

لە نوسراوێکدا کە کۆپییەکی دەست ماڵپەڕی "سپی" کەوتووە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووە"  بەپێی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی پەرلەمان، خوێندنەوە دەکرێت بۆ پرۆژە یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی لە سنوری شارەوانییەکاندا زیادەڕەوییان لەسەر کراوە و بە بڕیاری ژمارە(4)ی ساڵی 2019 ی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گەڕێندراوەتەوە بۆ پەرلەمان".

 

هاوکات خوێندنەوەی یەکەم دەکرێت بۆ پرۆژە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای ( ڕێکلامی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان- عێراق) دەکرێت.


ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوەدا سەرۆکی هەرێم یاسای خانوە زیادەڕۆییەکانی واژوو نەکرد و گەڕاندیەوە بۆ پەرلەمان.



AM:12:24:04/12/2019