"عادل عەبدولمەهدی پاشگەزبۆتەوە لە رێککەوتن لەگەڵ هەرێم"

پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق ئەحمەد حاجی رەشید رایگەیاند" عادل عەبدولمەهدی پاشگەزبۆتەوە لەو ئیتفاقەی لەگەڵ هەرێم کردویەتی بۆ ئەوەی زیاتر عێراق تووشی ئاڵۆزی بکات".

 
لە نووسینێکدا ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت"پرۆژەکە سێشەممەی پێشوو واتە ۲٠۱۹/۱۱/۲۷ دەنگی لەسەر دراوەو بابەتی نەوتی هەرێم لە ماددەی یەکدایە وەک ساڵی ۲٠۱۹ تەنها هەندێ شتی وردەکاری ماوە کە ئەوەش کێشە نەبوو هەروەها لیژنەیەکی بۆ دروستکراوە لە ئەنجومەنی وەزیران کە پێهاتبوون لە وەزیری دارایی و وەزیری نەوت بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت.

 
ئەمە بابەتەش شاندی کوردی پشتڕاستیان کردەوە هەروەها سەرۆکی لیژنەی دارایی لە لیژنە دوای پەیوەندی کردن بە وەزارەتی داراییەوە پێی ڕاگەیاندین کە پرۆژەکە ئامادەیە و یەکشەممەی داهاتوو دەگاتە پەرلەمان.


ئەوەشی کە بەرێز عادل عەبدولمەهدی دەڵێت ناتوانین بێنێرین تەنها بەهانەیە و پاشگەز بوونەوەیە لەو ئیتیفاقە".


دەقی نووسینەكەی ئەحمەد حاجی رەشید:



بۆ بودجەیان نەنارد بۆ پەرلەمان؟
عادل عەبدولمەهدی دەبوو دەست لەکارکێشانەوەکەی بنێرێت بۆ سەرۆکی کۆمار بەپێی ماددەی (۱۸) لە پەیڕەوەی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام نەینارد (لحاجە فی نفس یعقوب) و پەنای برد بۆ میدحەت مەحمود بۆ ئەوەی دەرچەیەکی بۆ بدۆزێتەوە کە لە ڕێگەی سەرۆک کۆمارەوە دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکەش نەکات.


بەرێز میدحت مەحمود ماددەی (۷٥) ی بۆ پێشنیار کردبوو کە باس لە دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار دەکات لەسەر بنەمای ئەوەی سەرۆک کۆمار بەشێکە لەدەسەڵاتی جێبە جێکردن هەر بۆیە بەهەمان شێوە دەتوانێت بەو ڕێکارە دەست لەکارکێشانەوەکەی پێشکەش بەپەرلەمان بکات، بۆیە راستەوخۆ تەفسیری ئەو ماددەیەی بەوەکرد کە ئەو دەسەڵاتەی متمانەی بەخشیوە بە حکومەت ئەوەش دەتوانێت متمانەی لێبسەنێتەوە، بەڵام ماددەی (۷٥) دەڵێت دەست لە کارکێشانەوەکە دوای (۷) ڕۆژ دەچێتە بواری جێبە جێکردن بۆیە حکومەتەکەی بەرێز عادل عەبدولمەهدی ڕۆژی یەکشەممە دەبێت بە کاربەڕێکەر و لە ئێستادا دەتوانێت پرۆژە یاسای بودجە بنێرێت بۆ پەرلەمان.


خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە پرۆژەکە سێشەممەی پێشوو واتە ۲٠۱۹/۱۱/۲۷ دەنگی لەسەر دراوەو بابەتی نەوتی هەرێم لە ماددەی یەکدایە وەک ساڵی ۲٠۱۹ تەنها هەندێ شتی وردەکاری ماوە کە ئەوەش کێشە نەبوو هەروەها لیژنەیەکی بۆ دروستکراوە لە ئەنجومەنی وەزیران کە پێهاتبوون لە وەزیری دارایی و وەزیری نەوت بۆ ئەوەی گرفت دروست نەبێت.
ئەمە بابەتەش شاندی کوردی پشتڕاستیان کردەوە هەروەها سەرۆکی لیژنەی دارایی لە لیژنە دوای پەیوەندی کردن بە وەزارەتی داراییەوە پێی ڕاگەیاندین کە پرۆژەکە ئامادەیە و یەکشەممەی داهاتوو دەگاتە پەرلەمان.


ئەوەشی کە بەرێز عادل عەبدولمەهدی دەڵێت ناتوانین بێنێرین تەنها بەهانەیە و پاشگەز بوونەوەیە لەو ئیتیفاقە و دەیەوێت هێندەی تر عێراق توشی ئاڵۆزی بکات، گوایە وتراوە با حکومەتی دوای خۆی بەوکارە هەستێت کە هەمووان دەزانن حکومەت بەو ئاسانییە دروست نابێت.


سەرجەم ئەو چاکسازیانەی کە بڕیاری لێدرابوو پەکیان دەکەوێت، چونکە چاکسازیەکان پێویستیان بە تەرخانکردنی پارە هەیە.


ماوەتەوە بڵێن ئەگەر یاسای بودجە تێنەپەڕێت لە ۲٠۱۹/۱۲/۳۱ ئەوا بودجەی دوازدەیی پیادە دەکرێت، دەبێت وەک ساڵی ۲٠۱۹ مووچەی فەرمانبەران بدرێت لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە.


بەڵام ترسەکەی من لەوەدایە ئایا ئەم پاشگەزبوونەوەیە هیچ پەیوەندی بەکوردەوە هەیە، هێزە سیاسیەکانی هەرێم هیچ هەنگاوێکیان ناوە دوخەکەی ئاڵۆز کردبێت. داهاتوو ئەو لوغزە ئاشکرا دەکات.

 


AM:12:05:06/12/2019