لاوانی پێشمەرگەی ھەولێر بەسێ خاڵ گەڕایەوە

لەمیانەی یارییەکانی گەڕی حەوتەمی خولی لاوانی نایابی کوردستان، یانەکەمان بووە میوانی لاوانی کۆیە و توانی بەدوو گۆڵی بێ بەرانبەر سەرکەوتن بەدستبھێنێت.

یاریزانە لاوەکانی پێشمەرگەی ھەولێر، بەدرێژایی ھەردوو نیوەی یارییەکە، بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتن، ئەگەرچی یارییەکە لەنیوەی یەکەمدا بەبێ گۆڵ کۆتایی ھات، بەڵام یاریزانانی پێشمەرگە کۆمەڵێک دەرفەتی گۆڵیان لەدەستدا.

لەنیوەی دووەمدا پێشمەرگە باشتر دەرکەوت، لەخولەکی ٧٨ (یوسف وریا) دوای ھاتنی بۆ ناو یاریگە، بەلێدانی ڕاستەوخۆ و بەشێوازێکی ھونەری جوان گۆڵی یەکەمی بۆ پێشمەرگەکان تۆمارکرد، یارییەکە لە کۆتایی نزیک دەبۆوەو ناوبژیوان ٥ خولەکی لەسەر کاتی بەفیڕۆچووی یارییەکە زیاد کرد و لە خولەکی ٩١ دا (نیعمەت عارف) گۆڵی دووەم و سەرکەوتنی تۆمارکرد و پێشمەرگە بەسێ خاڵ گەڕایەوە.

بەم ئەنجامەیش لاوانی پێشمەرگەی ھەولێر ژمارەی خاڵەکانی کردە ١٥ خاڵ و لە خانەی چوارەمی ڕیزبەندی یانەکان دێت.

 

راگەیاندنی پێشمەرگەی هەولێر



PM:06:56:06/12/2019