باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق: دەبێت ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە دەستگیربکرێن

ئەمڕۆ شەممە ڕێککەوتی ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق سەبارەت بە رووداوەکانی شەوی رابردووی گۆڕەپانی خەلانی و پردی سەنک-ی ناوەڕاستی بەغداد هاتە دەنگ و لە بەیانێکدا ڕایگەیاند" دەبێت ئەوانەی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە دەستگیربکرێن".

 

لە بەیانەکەدا باڵوێزخانەی ئەمریکا لە عێراق دەشڵێت" شەوی ڕابردوو ڕوداوگەلێکی ترسناک و قێزەون لە بەغداد ڕویانداوە و خۆپیشاندەران ڕوبەڕوی توندوتیژی بونەتەوە".

 

لە بەیاننامەکەدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە حکومەتی عیراقیش کردووە هەنگاوی زیاتر بنێت بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی شەوی رابردوو بکات. 

 
جەختیشی کردۆتەوە لەوەی، خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان دەبێت مافی ئەوەیان هەبێت بەبێ ترس بۆچونی خۆیان دەربڕن.

 

بەیاننامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغداد لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو لە پردی سنەکی بەغدا، لەناو چەند ئۆتۆمبێلێکی نەناسراو تەقە لە خۆپیشاندەران کرا و بەهۆیەوە ٢١ خۆپیشاندەر کوژران، دەیانی دیکەش بریندار بوون.

 

شەوی رابردوو ئەو هێزە كە بە پۆشاكی نافەرمییەوە چوونە سەر خۆپیشاندانەكان لە گۆڕەپانەكانی سنك و خەڵانی دەستڕێژی گولەیان ئاراستەی كۆمەڵی خۆپیشاندانەكان كردن و هەردوو ناوچەكەیان پێ چۆڵ كردن.

 

بە پێی زانیاری میدیا عیراقییەكان ژمارەی كوژراوانی شەوی رابردوو زیاترە لە ٢٠ كەس، هەروەها بە دەیانی تر بریندارن و تەنها لە پردی سنك ٤٠ خۆپیشاندەر بە گوللـەی زیندوو بریندار بوون.

 

 



PM:03:28:07/12/2019