بانكی ڕافیدەین: دابەشكردنی پێشینەی ٢٥ ملیۆن دیناری بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە

ئەمڕۆ شەممە ڕێککەوتی ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا بانكی ڕافیدەینی عیراقی ڕایدەگەیەنێت" دەست دەكەنەوە بە دابەشكردنی پێشینەی ٢٥ ملیۆن دیناری بەسەر فەرمانبەراندا".

 

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە" كە پێدانی پێشینە بە فەرمانبەرانی دەوڵەت، كە مووچەكانیان لەلایەن بانكەوە دابەش دەكرێت دەستپێدەكاتەوە و بڕی ٢٥ ملیۆن دینار لەڕێگەی ماستەر كارتەوە دابەش دەكەن، داوا فەرمانبەران دەکەین کە سەردانی لقەكانی بانكەكە بكەن و داواكاری بۆ وەرگرتنی پێشینەكە پێشكەش بكەن".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی بانكی ڕافیدەینی عیراق دەشڵێت" ئەو پێشینەیە پشت دەبەستێت بە مووچەی فەرمانبەرەكە، كە بتوانێت لەسەدا ٥٠ی مووچەی مانگانەكەی بكاتە قیستی مانگانەی پێشینەكە".

 

لە ساڵی‌ ٢٠١٦ەوە بانكی‌ رافیدەین بەپێی‌ چەند مەرجێكی‌ دیاریكراو پێشینە و قەرز دەداتە فەرمانبەران و هاوڵاتیان.

 

پێدانی ئەو پێشینەیە بە فەرمانبەرانی عیراق لەكاتێكدایە، كە چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان هیچ جۆرە پێشینەیەك نادرێتە فەرمانبەران، بەڵام ئەو فەرمانبەرانەی ڕاژە و مووچەیان لەسەر بەغدایە داتوانن سوود لەو پێشینانەی عیراق وەربگرن.

 



PM:04:24:07/12/2019