ویکلیکس چۆن باسی عەبدولڕەحمان قاسملۆ سەرکردەی رۆژهەڵات و حیزبی دیموکرات دەکات؟
-بەشی چوارەم-

تێرامانی کورد بۆ عێراق

 
١٦- قاسملۆ لە رێرەوی خۆی دەرنەچو تا رەخنە لە عێراق بگرێت، بەڵام دابرانی ئەو بەرهەڵستانە رەت ناکاتەوە کە رێگا دەدەن تێبینیەکان بۆ دەربرینی کەم نرخاندنی خۆی بۆ عەرەب و رژێمی عێراق دەربرێت، بە تایبەتی گوتی کە هیچ حەزی لە بەغدا نیە و تەجەنوبی هاتن بۆی دەکات ئەگەر زۆر پێویست نەبێت. پێچەوانەی ئارەزوی خۆی دانی نا بەوەدا کە کۆمەڵگای ئێران نەرمتر و دینامیکترە..، " بەڵێ لە ورمیە خەڵک دەتوانن چ کاتێک ویستیان تەلەفۆن بۆ ئەمریکا بکەن، ئازادیش بۆ گەشت بۆ دەرەوەی وڵات"، قاسملۆ بە پەلە جەختی کرد لەوەی کە لەعراق کەمتر دەستتێوەردان لە ژیانی تایبەتی خەڵک دەکرێت و عێراق پشتگیری لە  
" ئایدیای مۆدێرن" دەکات. قاسملۆ لەعنەتی لە شا کرد، " بەڵام خومەینی زۆر خراپترە". قاسملۆ گوتی دو جار لە ١٩٧٩ خومەینی بینیوە و 
" بێشەرمانە درۆی دەکرد". قاسملۆ باسێکی درێژی پراکتیزەکردنی شیعە بۆ "التقیە"،( فێلکردن بۆ خزمەتکردنی مەبەستێکی بەرزتر) کرد، وەک بەشێک لە کەسایەتی شیعە.   

 
رەجاوی

 
١٧- قاسملۆ رایگەیاند کە حزبی دیموکرات پێویستی بە هاوپەیمانی لە گەڵ گروپە ئۆپزسیۆنەکانی ئێرانە، چونکە ئاشکرایە خۆی بە تەنیا ناتوانێت رژێم بروخێنێت. قاسملۆ راشکاوانە گوتی کە سەدان هەزار مەلا پشتگیری رژێم دەکەن بۆ دابینکردنی گوزەرانیان، روخاندنی رژێم کارێکی ئاسان نیە. بەرپرسی بەشی سیاسی پرسیاری دەرباری ئەگەری هاوپەیمانی لە گەڵ رەجاوی لێکرد کە بە پێی راپۆرتەکان کاری سەربازی لە باکور ئەنجامداوە. قاسملۆ رەجاوی بە " مغامر" وەسفرد کە ئەوپەری ١٢٠٠ شەرکەری هەیە بەڵام ماشێنێکی باشی پرۆپاگەندەی هەیە، گوتیشی رەجاوی " هەوڵی چەند کارێکی لە باکورد داوە"، بەپێچەوانەی حزبی دیموکرات مجاهدینی خلق هێزی واقیعی لە ئێران نیە، لە درێژەی وەڵامدا گوتی " لە راستیدا لە نێو هەمو گروپەکانی ئۆپزسیۆن تەنها حزبەکەم پێگەیەکی بەهێزی لە ناو ئێراندا هەیە". قاسملۆ گوتی دوا کاری رەجاوی لە باکور کێشەی بۆ حزبی دیموکرات دروستکردوە چونکە بەرەنگاری هێزەکانی تاڵەبانی بۆتەوە، لە ئێستادا رەجاوی لە باکور چالاکی ناکات روی لە باشور کردوە. هەروەها گوتی " پێدەچیت رەجاوی شایستەی هیچ جۆرە هاوپەیمانیەک نەبێت، رەجاوی خۆی زۆر بە زل دەزانێت و وا بیردەکاتەوە کە بەتەنیا دەتوانێت کاربکات".

 
کۆنگرەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

 

 
١٨- نوێنەری حزبی دیموکرات لە پاریس ( لە گەڵ هاورێکەی لە ستۆکهۆڵم لە ١٥ی شوبات دەگەرێنەوە بۆ ئەوروپا) گوتی " نزیکەی٢٠٠ " نوێنەری حزب بەشداری کۆنگرە بون کە لە بارەگا نوێکەیان بەسترا. لە رابوردودا دو ساڵ جارێک دەبەسترا، بەڵام بەهۆی گرفتی زۆر بۆ گەیشتنی زۆربەی ئەندامانی حزب لە شوێنە جیاکانی کوردستانی ئێرانەوە و تێپەربونی سنور بۆ بارەگاکانی حزب لە عێراق ئێستا بریار دراوە تا سێ ساڵی تر کۆنگرە نەبەسترێت. 

 
قاسملۆ، کە بەردەوام جەخت لە سروشتی دیموکراسی حزبەکەی و  سیاسەتەکانی دەکاتەوە ( رونیشی کردۆتەوە مەبەستی ئەو لە دیموکراسی بە تێگەیشتنە رۆژئاواکەیە نەک رۆژهەڵاتیەکەی)، رایەگەیاند کە بۆ پۆستی سکرتێری گشتی رکابەری نەبو. بەرپرسی بەشی سیاسی لێی پرسی ئایا هیچ نوێنەری حزب لە ئەمریکا بەشداری کردبو، لە وەڵامدانەوە دەرکەوت لە کۆنگرەی پێشوتر یەک نوێنەر بەشدار بو بەڵام لە دوا کۆنگرەدا کەس بەشدار نەبو.    
کۆمەڵە

 
١٩- باڵیۆزی سوید ئاشکرای بێتاقەتی خۆی کرد کە دو هەفتە پێشتر ڤیزای گەشتیاری داوە بە کەسایەتیەکی ناوداری کوردی ئێران، شێخ عزالدین حسێنی، ئێستا ئەو داوای پەنابەری سیاسی کردوە. زاواکەی، شەمسی، بە ناوی ئەوەوە داوای ڤیزەکەی کردبو، نوێنەری کۆمەڵە لە بەغدا (گروپێکی بچوکی مارکسی کوردی ئێران). قاسملۆ گرنگی ئاینیی شێخ حسێنی بە گەورە نەزانی و هەروەها دەرباری کۆمەڵە هەمان هەڵسەنگاندنی هەبو.

 


بایۆگرافی

 
٢٠- قاسملۆ لە ساڵی ١٩٣٠ لە دایکبوە، خوێندنە سەرەتاییەکانی لە ورمیە تەواو کردوە و لە تەهرانیش چۆتە کۆڵێجی ئەمریکی. بۆ خوێندنی زانکۆ چۆتە پاریس بەڵام بەهۆی چالاکی شۆرشگیرانە لە ئێران دەرکرا، زەمالەیەکی بۆ خوێندن لە زانکۆی پراغ  پێدەدرێت. بۆ ماوەی بیست ساڵ پرۆفیسۆری ئابوری بوە لە پراغ. لە ١٩٦٨ کاتێک هێزەکانی سۆڤیەت هاتنە پراغ قاسملۆ ئەوێی جێهێشت. لە ساڵانی هەفتاکان ناو بە ناو وەک پسپۆرێکی ئابوری کاری بۆ وەزارەتی پلاندانان لە بەغدا کردوە.  لەو کارەیدا رۆڵی زۆر گرنگی هەبوە لە بواری ئابوری عێراقدا.

 
قاسملۆ باڵایەکی ناوەندی هەیە و بونیادێکی باریک، سپیەتی کەوتۆتە قژی بەڵام جموجۆڵی گەنجێکی هەیە، زۆر بە باشی و بە نەرمی و خۆشیەوە باس و چیرۆکەکان پێشکەش دەکات.

کۆتایی هات..

PM:11:16:08/12/2019