لە ١٧ مەڵبەند هەڵبژاردن بۆ کۆنگرە دەستی پێکرد
کێبەركێ بەتوندی لەنێوان سێ باڵدا بەڕێوەدەچێت

‌وێنەکە لە ماڵپەڕی یەکێتی یەوە وەرگیراوە

لە ١٧ مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆنفرانس بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە دەستی پێکرد، کێبەرکێ لەنێوان سێ باڵ لە ئارادایە، باڵی ماڵی تاڵەبانی، باڵی کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح، باڵی لاهوری شێخ جەنگی.



به‌یانى ئه‌مڕۆ ٩ کانوونی یەکەم، کاتژمێر ٨ بەیانی كۆنفرانسى سه‌رجه‌م مه‌ڵبه‌نده‌كانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان کە ١٧ مەڵبەندە لە سەرتاسەری هەرێمدا ده‌ستیپێكرد.



بڕیاره‌ پڕۆسه‌ى ده‌نگدان له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان تاوه‌كو كاتژمێر 3ی پاش نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ به‌رده‌وام بێت ٤٦٦ ئەندام بۆ کۆنگرە هەڵدەبژێرن.



ئەوە لە کاتێکدایە کە کێبەرکێیەکی قورس لەنێوان هەر سێ باڵی، کۆسرەت رەسوڵ و، ماڵی تاڵەبانی و، لاهوری شێخ جەنگیدا هەیە، هەرچەندە هەریەکە لە بەرهەم ساڵح و لاهوری شێخ جەنگی لەو نێوەدا یاری دەکەن و خۆیان وا پێشان دەدەن کە دەمێک سەر بەباڵی کۆسرەتن، دەمێکی تر سەر بەباڵی تاڵەبانی، بەڵام هەریەکەیان خەڵکی خۆیان لەناو یەکێتیدا هەیە.

 

ماڵی تاڵەبانی هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی و مەلا بەختیار و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و زاواکانی ئیبراهیمی ئەحمەدیش بەشێکن لەم باڵە.

 
هەڵبژاردنی کۆمیەتەکان کە بەکۆنفرانسی کۆمیتەکان ناسراوە، باڵی لاهوری شێخ جەنگی سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا.

 
لەناو یەکێتیدا زۆر هەوڵدرا ئەو سێ باڵە رێککەوتنێک بکەن لەسەر داڕشتنی شێوەی سەرکردایەتیکردنی یەکێتی پێش کۆنگرە، بەلآم تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ململانێکە قورس بێت تا پێش کاتی کۆنگرە ئەو باڵەی سەرکەوتن بەدەستدەهێنێت تێڕوانینی خۆی لەسەر چۆنێتیکردنی سەرکردایەتیکردنی یەکێتی بسەپێنێت.


یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان بڕیاریداوه‌ رێكه‌وتى 21 ى 12 ى 2019، كۆنگره‌ى چواره‌مى خۆى ئه‌نجام بدات.

 


AM:10:01:09/12/2019