بۆچی نابێت بوتڵی ئاو دووبارە پڕ بکەیتەوە؟

زانایان تاقیکردنەوەیەکیان لەسەر ئەو بوتڵانە ئەنجام دا کە بۆ ماوەی هەفتەیەک بە بەردەوامی ئاویان تێدەکرا و دواتر پڕ دەکرانەوە بۆ خواردنەوە لەلایەن چەند یاریزانێکەوە.

 

دواتر زانایان بۆیان دەرکەوت هەموو یەک سانتیمەتر چوارگۆشەیەکی ئەو بوتڵی ئاوانە زیاتر لە ٩٠٠،٠٠٠ بەکتریای لە خۆ گرتووە، کە ئەمەش زۆر زیاترە لە ژمارەی ئەو بەکتریایانەی لە سەر شوێنی دانیشتنی تەوالێتەکان دەژین.

 

ئەنجام دەرانی توێژینەوەکە بۆیان دەرکەوت کە نزیکەی %٦٠ی ئەو بەکتریایانەی لەسەر بوتڵە بەکارهاتووەکان بوونیان هەیە، دەتوانن ببنە هۆی درووستبوونی نەخۆشی لە مرۆڤدا.

 

هۆکاری هەبوونی ئەو ژمارەی زۆرەی بەکتریا لەناو بوتڵی ئاوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو بوتڵانە چەندین جار رۆژانە دەکرێنە ناو دەم، هەر بۆیە جار لە دوای جار بەکتریایەکی زۆرتر لە خۆیان کۆدەکەنەوە.

 

بوتڵێکی ئاسایی کە یەک جار لەلایەن کەسێکەوە بەکاردێت بەبێ دووبارە بەکارهێنانەوە نزیکەی ٣١٣٠٠٠ بەکتریای لە خۆ گرتووە، کە ئەمەش هێشتا هەر ژمارەیەکی زۆرە.

 

هۆکاری پیسیی دووبارە بەکارهێنانەوەی بوتڵە ئاوەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو بوتڵانە زۆر بەکەمی دەشۆرێن. زۆرێک لە خەڵکی پێیان وایە لەبەرئەوەی ئاو دەکرێتە ناو ئەو بوتڵانەوە، بۆیە دەبێت پاک بن و پێویست بە شتن ناکات.

 

زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە خواردنەوەی ئاو لە بتڵی ستیلدا تەندروستترە لە چاو بوتڵی پلاستیکی و کەمتر بەکتریا لە خۆی دەگرێت. بۆیە پێشنیار دەکەن کە ئەو کەسانەی دەچنە دەرەوە و ئاو لەگەڵ خۆیان دەبەن، وا باشترە بوتڵی ستیل (مەتارە) بەکاربهێنن وەک لە دووبارە پڕکردنەوەی بوتڵێ پلاستیکی.



PM:04:01:09/12/2019