دوای ئەوەی لە گرتوخانەی "ئێدیرنە" باری تەندروستیی سەلاحەدەین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە تێك چوو، ئەمڕۆ لە نوێترین دیمانەیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەک، باس لە تەندروستی خۆی دەكات و دەڵێت بەداخەوە باش نیم.
دەمیرتاش لە دیمانەیەكیدا بۆ رۆژنامەی (ئێڤرانسال)ی توركی، كە ئەمڕۆ دووشەممە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بڵاو كراوەتەوە، ئاماژە دەدات ئێستاش ناتوانێت وەكوو پێویست هەناسە بدات.
دەمیرتاش ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە" بەداخەوە ڕەوشی تەندروستی من زۆر باش نیە، بەڵام ئاشکرانەکردنی دۆخی تەندروستیم بۆ ڕایگشتی و حزبەکەم بڕیاری تاکەکەسی خۆم بووە".
وتیشی" لە نێوان من و حزبەکەم هیچ کێشە و ناکۆکیەک نییە و لە ئێستادا لە ناو زیندانەکانی تورکیادا بە دەیان کورد دەستگیرکراون کە توشی نەخۆشی سەخت بون، بۆیە من نەمویست بۆ هۆی نەخۆشیەکەمەوە دەرکەوم".
سەڵاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەدارێکی کوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٣دا لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک وەکوو نوێنەری پارێزگای ئامەد بۆتە ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و لە دوای قەدەغەکردنی ئەم پارتە لە لایەن دادگای دەستووری تورکیاوە، لە ساڵی ٢٠١٠دا بوو بە ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراسی، سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپەیە.
ناوبراو کوردی زازایە و دەرچووی کۆلێژی یاسایی زانکۆی ئانکارایە، دەمیرتاش بەر لەوەی بە شێوەی ئەکتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی بوو.
لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ئەندامپەرلەمانەکانی ھەدەپە بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیرکرا.