لە بارەی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، هاتوچۆی سلێمانی رایدەگەیەنێت" رۆژانە نزیكەی 1000 كەس بەمەبەستی مامەڵەی نوێكردنەوەی مۆڵەت سەردانی بەرێوەبەرایەتییەكەمان دەكەن"، داوا لە هاوڵانیانیش دەكات هاوكاری ئەفسەر و كارمەندەكانیان بكەن بۆ ئەوەی كارەكانیان بۆ ڕاپەڕێنن.
بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا دەڵیت " دوابەدوای دەرچوونی فەرمانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم لە(18/11/2019)، سەبارەت بەوەرگرتنی پێبژاردن (غەرامە)ی بەسەرچوونی مۆڵەتی شۆفێری بەبڕی (30) هەزار دینار بۆ هەر ساڵێك دواكەوتن، لۆدوو قەرەباڵغییەكی زۆری خستە سەر (بەڕێوەبەرێتی بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی).
هەروەها هاتووە، لەپێش ئەو رێكەوتەوە، ژمارەی هاوڵاتیان كە سەردانی بەشی مۆڵەتیان كردووە لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی رۆژانە لەنێوان (450-500) كەسدا بووە، بەڵام لەدوای دەرچوونی ئەو ڕێنماییەوە ژمارەكە زیادیكردوە بۆنزیكەی (1000) كەس.
هاتوچۆی سلێمانی ئەوەش دەخاتەڕوو، ئەگەرچی لە ئێستاشدا سەرجەم مامەڵەكان لەهەمان رۆژدا وەك پێشوو تەواو دەبن، بەڵام بەهۆی قەرەباڵغییەكەوە ماوەی تەواوبوونەكەی لەكاتژمێرێكەوە بۆ دوو كاتژمێر زیادیكردوە، هەرچەندە وادەی دیاریكراو بۆ جێبەجێكردنی فەرمانی سەرەوە (4-12-2019)ە وە بەهیچ شێوەیەك ئەو هاوڵاتیانە ناگرێتەوە كە پێش ئەو بەروارە مۆڵەتەكەیان بەسەرچووە، بەڵام وەك بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی هەمیشە لەهەوڵی ئەوەداین كە بەزووترین كات مامەڵەی هاووڵاتیان ڕایی بكەین.