ئەنجامی هەڵبژاردنی مەڵبەندەکان: لاهور لەپێشەوەیەو، دوای ئەو کۆسرەت دێت.. زانیاری ورد لە " سپی " بخوێنەرەوە

بەپێی ئەنجامە بەراییە نافەرمیەکانی هەڵبژاردنی هەر ١٧ مەڵبەندەکانی یەکێتی، باڵی لاهوری شێخ جەنگی لە پێشەوەیەو، دوای ئەو باڵی کۆسرەت رەسوڵ و، پاشان باڵی ماڵباتی تاڵەبانی دێت.

 

هەرچەندە ئەو باڵانەی یەکێتی کۆنکرێتی نین و زوو گۆڕانکاریان بەسەردا دێت، بەڵام بەپێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی " سپی " کە لە زیاتر لەسەرچاوەیەکی ئەو باڵە جیاجیانەوە کۆی کردۆتەوە، باڵی لاهوری شیخ جەنگی لە زۆربەی مەڵبەندەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، دوای ئەو باڵی کۆسرەت رەسوڵ دێت و، پاشان ماڵباتی تاڵەبانی، لە هەندێک مەڵبەندیش باڵی لاهوری شێخ جەنگی و ماڵباتی تاڵەبانی پێکەوە دەرکەوتوون و رێژەیەکی زۆری دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

 

ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتوون لە مەڵبەندی سلێمانی باڵی لاهوری شێخ جەنگی سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، هەروەها لە گەرمیان بەهەمان شێوە ئەو باڵە سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە، ئەگەر لەگەڵ ماڵی تاڵەبانی لێکبدرێت، ئەوا بەرێژەیەکی زۆر ئەو دوو باڵە لە پێشەوەیە، هاوکات لە ناوچەی شارەزووریش بە هەمان شێوەیە.

 

لە پارێزگای کەرکوک باڵی کەرکووکیەکان کە نزیکن لە باڵی کۆسرەت رەسوڵەوە ژمارەیەکی زۆر دەنگیان بەدەست هێناوە، هەرچەندە لەو پارێزگایەش باڵی لاهور ژمارەیەک دەنگیان بەدەستهێناوەو نوێنەرانیان سەرکەوتوون بۆ کۆنگرە.

 

لە دەڤەری راپەڕین، هەردوو باڵی لاهوری شێخ جەنگی و کۆسرەت رەسوڵ دەنگیان بەدەستهێناوەو نزیک لە یەکتریەوە.

 

لە پارێزگای هەولێر ئەگەر باڵی لاهور و باڵی تاڵەبانی بە جیا هەژمار بکرێن، ئەوا باڵی کۆسرەت رەسوڵ زۆرترین نوێنەری گەیاندۆتە کۆنگرە، بەپێچەوانەوە، ئەگەر ماڵی تاڵەبانی و باڵی لاهور لێکبدرێن، ئەوا ئەمان لە پێشەوەن.

 

لە پارێزگای دهۆک باڵی لاهوری شێخ جەنگی لە پێشەوەی باڵەکانی ترەوەیە.

 

کۆنفرانسی کۆمیتەو مەڵبەندەکانی یەکێتی پێش دەستپێکردنی و لەکاتی کۆنفرانسەکانیشدا بەدەرنەبوون لە تەکەتولاتی ئابوری و رێکخراوەیی و وژیدان کڕین و دابەشکردنی پارەو چەک و ئیمتیازاتی تر، کە دەمێکە بۆتە سیمایەکی حیزبە کوردیەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی وەک دوو حیزبی دەسەڵاتدارو حوکمڕانی کوردستان.

 

بڕیارە رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم بۆ ماوەی سێ رۆژ کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی سازبکرێت بە بەشداری هەڵبژێدراوەکانی مەڵبەندەکان و مەکتەبەکانی یەکێتی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند و ١٢٠ کادیری پێشمەرگەی دێرین و رێکخستنە دێرینەکان.

 


AM:11:37:11/12/2019