نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان پە یامێکی بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری سەرۆكی پارتی بەیانامەیەكی ئاراستەی رێكخراوی یەكێتی ئافرەتانی سەر بە حزبەكەی كرد و دەڵێت" یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و تێکۆشانە".

 

ناوبراو لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت" یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و تێکۆشانە، ڕۆڵی گرنگ و بەرپرسیارانەی هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا و پێشەنگی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییە لە کوردستاندا. ئەم ڕێکخراوە سەنگینە قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین ناو و توانای دیار لە ئافرەتانی تێکۆشەر و قوربانیدەر و سەرکردە لە بواری خەباتی مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگی لە کوردستاندا".

 

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان:


بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و ئەنجومەنی باڵای یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان..


بە بۆنەی (٦٧)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆتان و کادیر و ئەندامانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان دەکەم. هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.


یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەری و تێکۆشانە، ڕۆڵی گرنگ و بەرپرسیارانەی هەبووە لە قۆناغە جیاجیاکانی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوەییماندا و پێشەنگی خەباتی مەدەنی و ڕێکخراوەییە لە کوردستاندا. ئەم ڕێکخراوە سەنگینە قوتابخانەیەک بووە بۆ پێگەیاندنی چەندین ناو و توانای دیار لە ئافرەتانی تێکۆشەر و قوربانیدەر و سەرکردە لە بواری خەباتی مەدەنی و سیاسی و پەروەردەیی و فەرهەنگی لە کوردستاندا.


ئەو مێژووە دێرینەی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، بەڵگەی هەبوونی بیری یەکسانیخوازی و پێشکەوتنخوازانەیە لە نەهج و بیروباوەڕی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەر لە سەرەتای خەباتی سیاسییەوە، بەڵگەی بڕوابەخۆبوون و زیندوویەتیی ئافرەتانی کوردستانیشە لە بینینی ڕۆڵی بەرپرسیارانەیان لە مێژووی گەلەکەماندا.


هەر بەم بۆنەیەوە، دووبارە پشتیوانیی تەواوی خۆمانتان بۆ دووپات دەکەینەوە لە خەباتی ڕێکخراوەیی و مەدەنیانەتان بۆ داکۆکیکردن لە ماف و خواستەکانی ئافرەتانی کوردستان و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری یەکسانی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا.

 

هیوای سەرکەوتنی زیاتر و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.


بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان.


سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

 
نێچیرڤان بارزانی
جێگری سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان
١١/١٢/٢٠١٩

 
 


PM:03:13:11/12/2019