دوو کورد بوون بە پەرلەمانتاری بەریتانیا

لەهەڵبژاردنەكەی دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا دوو کورد توانیان لەم ھەڵبژاردنەدا سەربکەون و ببنە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە.

 

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی چوار کورد کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی بەریتانیا کاندید کردبوو، دوانیان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و دەبن بە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتە.

 

بەپێی زانیارییەکان، نەدیم زەھاوی خەڵکی خانەقینە و سەرکەوتنی بەدەستھێنا، لەناو کاندیدە کوردەکان بە کۆکردنەوەی ٣٣ هەزار و ٣٤٣ دەنگ، توانی زۆرترین دەنگ لەسەر ئاستی کاندیدە کوردەکان بەدەستبهێنێت.

 

فریاڵ کلارک کوردێکی باکوری کوردستانە و بەھەمان شێوە توانی سەرکەوتن بەدەستبێنێت و بگاتە پەرلەمانی بەریتانیا ، فریاڵ ژمارەی دەنگەکانی ٢٣ هەزارو  ٢٤٠ دەنگ بوو.

 

هاوکات نەدیم زەهاوی لە خێزانێکی کورد لە ساڵی ١٩٦٤ لە بەغدا لەدایکبووە، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە لەگەڵ خێزانەکەی روویانکردووەتە بەریتانیا. دەرچووی زانکۆی لەندەنە و بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری کیمیا هەیە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٧ بە پەرلەمانتاری بەریتانیا هەڵبژێردرایەوە، لەسەر لیستی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بۆ ناوچەی ستراتفۆرت. 


نەدیم زەهاوی لە ساڵی ٢٠١٠ تاکو ئێستا پەرلەمانتارە و لەسەرجەم هەڵبژاردنەکاندا توانیویەتی سەرکەوتن بەدەستبهینێت.

 
هەروەها بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژارانی پەرلەمانی بەریتانیا، پارتەکەی بۆریس جۆنسن، پارتی پارێزگارانی بەریتانیا بە مسۆگەرکردنی ٣٦٤ کورسی سەرکەوتنی بەدەستهێنا و بڕیارە پلانی چوونە دەرەوە لە یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ بکات.


PM:05:17:13/12/2019