ئەمڕۆ هەینی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ کەشناسی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و وتی" ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١٤ی کانوونی یەکەم كەشوهەوا سەقامگیر دەبێت و كۆتایی بە شەپۆلی باران و بەفر دێت و چەند پلەیەك گەرما بەرزدەبێتەوە لە ڕۆژی یەک شەممە ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە" لە بەیانی ڕۆژی شەممە تەم دروست دەبێت بەتایبەت لە شارەكانی باشوور و فوڕاتی ناوەڕاستی و سلێمانی و هەولێر".
هاوکات لای خۆشیەوە سادق عەتیە، پسپۆڕی كەشناسی عیراقی لە هەژماری فەڕمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك ڕایگەیاند" كە شەپۆلێكی نزمە پاڵەپەستۆی جەمسەری ڕوو لە ناوچەكەمان دەكات و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كاریگەرییەكانی دەردەكەوێت".
ناوبراو ڕونیشیکردەوە: كە لە شەوی یەك شەممەوە شەپۆلەكە كاریگەری دەكاتە سەر عیراق و بەتایبەتیش ناوچەكانی باشوور و دواتر ناوەڕاستی وڵات دەگرێتەوە، بەڵام كاریگەری لەسەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان زۆر لاواز دەبێت.