تەمەلی: دەسەڵاتی تورکیا ١٧ ساڵە دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات

هاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان "هەدەپە"  لەمیانی وتارێکدا لە سێهەمین کۆنگرەی ئاسایی رێکخستنی هەدەپەی شاری ئەدەنە رایگەیاند" دەسەڵاتی تورکیا ١٧ ساڵە دوژمنایەتی گەلی کورد دەکات، چوار ساڵ پێش ئێستاو لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا شارەکە ئابلوقە درا، لە ١٠ شاری گەمارۆدراو بە سەدان کەس کوژران، جزیرمان لەبیر نەکردوە، ئەو رۆژانەی ژن و منداڵ و کۆرپەی ئەم گەلە کوژران لە بیرمان نەکردوون".

 

سەزای تەمەلی لە وتارەکەیدا وتیشی" هۆکاری ئەمەش دەسەڵاتی دژە دیموکراسییە، ئەم هێرشانە تا ئەمڕۆش بەردەوامن، لە ژێر زەمینەکانی جزیردا خەڵک بە زیندویی سوتێنران، وەک ئەوەی هیچ شتێک روی نەدابێت قسە دەکەن، ئێمە هەمویان دەناسین، بۆیە پێیان دەڵێین هەموتان دادگایی دەکرێن".

 

سەزای تەمەلی ئاماژەی بەوەشکرد" ئاکەپە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەردەوامە لەسەر سیاسەتە دوژمنکارییەکانی و بە ئارەزوی خۆی ئەندام و بەڕێوەبەرەکانمان دەستگیر دەکات".

 

تەمەلی لە وتارەکەیدا جەختیشیکردەوە: مێزی ئاشتی و چارەسەری جارێكی دیكە دێتەوە ئاراوە. لەسەر ئەو مێزە لەگەڵ ئۆجەلان چارەسەریی دیمۆكراتیك دێتەوە. ئەوانەی مێزەكەیان تێكدا، لە جیاتی ئەوە شەڕیان هێنا. ئێمە لە ژێر ناوی چارەسەریی دیمۆكراتیك و ئاشتییانە لەسەر هەمان بڕیار بەردەوام دەبین لە رێگای خۆماندا.

 

 

 


AM:10:52:15/12/2019