عەبدولمەهدی ڕەخنە لە بڕیارەکەی ئەمریکا دەگرێت

ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێککەوتی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە ڕاگەیەندراوێکدا  عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق ڕەخنەی توندی لە بڕیاری ئەمریکا گرت سەبارەت بەوەی چەند سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی خستە ناو لیستی سزاکانی و وتی" ئەو کەسانەی ئەمەریکا سزای داون رۆڵی کاریگەریان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا هەبووە".

 

عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی عێراق ڕایگەیاند" ئیدانەی ئەوەمان كرد كە ناوی هەندێك كەسایەتی و سەركردەی عیراقی بخرێتە لیستی سزاكانەوە كە خاوەنی مێژوون و رۆڵی سیاسی هەبووە لە رووبەڕوو بوونەوەی داعش، لەلایەن ئەو وڵاتانەی كە پەیوەندی و رێككەوتنمان لەگەڵیدا هەیە".

 

عەبدولمەھدی ئاماژەی بەوەشکرد" ئەوان دژی ئەوەن لەلایەن خەڵک و راگەیاندنەکانەوە سووکایەتی بە سەرۆکی وڵاتان بکرێت لە عێراق".

 

ئەوەش لە کاتێکدایە دوای دوو مانگ لە خۆپیشاندان ئێوارەی ٢٩ی تشرینی دوەم عادل عەبدولمەهدی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتی حکومەت راگەیاند.

 

هاوکات ئەو ڕاگەیەندراوەی عەبدولمەهدی دوای ئەوە دێت، کە سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا، ئەمریکا هەریەک لە قەیس خەز عەلی ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق و لەیس خەز عەلی برای، هەروەها  حسێن فالح، بەڕێوبەری ئاسایشی حەشدی شەعبی و خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی میحوەری نیشتیمانی خستە لیستی سزادراوانی خۆیەوە.

 

 

 




AM:11:26:15/12/2019