مەریوان وریا قانع: ئەو میدیایانەی بەسەربەخۆ ماون لە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست کەمترە

رۆشنبیری ناسراو مەریوانی وریا قانع لە نوێترین نووسینیدا دەڵێت" ھیچ ڕووبەرێک لە کوردستاندا ھێندەی ئەو ڕووبەرە میدیای بۆگەن و بێمانا و بێدەربەست نەکراوە، کە لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسەینەوە دروستکراوە".

 

د. مەریوان قانع لە نووسینێکدا بەناونیشانی" میدیای کوردیی: لە وێرانەوە بۆ وێرانترین" وتی" بەشی ھەرە زۆری ئەم میدیایە میدیایەکی کڕدراوە، خاوەنەکانیان یان حیزبە، یان کۆمەڵێک سیاسیی گەندەڵ و نابەپرسیارە، یاخود ژمارەیەک سەرمایەدارن کە دەزگا میدیاکانیان وەک سەکۆی ماڵەکانی خۆیان مامەڵەدەکەن".

 

لە بەشێکی تری نوسینەکەیدا ناوبراو دەشڵێت" زۆرینەی ئەوانی تریشیان سێبەری ناشیرینیی ئەو کەسایەتییە سیاسیی و کۆمپانیاکانیان و ئەو سەرمایەدارانەن کە سپۆنسەریان دەکەن".

 

د. مەریوان قانع ڕاشیگەیاند" ژمارەی ئەو سایت و پەیج و دەزگا میدیایانەی لەم دۆخە خنکێەنەردا لانی کەمی سەربەخۆییان تێدایە و بە بەرپرسیاریەتییەوە کاردەکەن، لە ژمارەی پەنجەکانی یەک دەست کەمترە".

 

جەختیشیکردەوە: پێدەچێت دەسەڵاتدارانی ھەرێم، بە تیپی پێنجەمی ئەو دەسەڵاتەوە کە پەرلەمانی کوردستانە، ئەو چەند دەزگا و سایتە کەمە بە زیاد بزانن و بیانەوێت دەمکوتیان کەن. 

 

مەریوان وریا قانع لەدایک بووی ساڵی ١٩٦١ لە شاری سلێمانی، مەریوان نووسەر و ڕەخنەگرە لە زانستی سیاسیەکان ، لەساڵی ١٩٩٣ چۆتە ھۆڵەندا ھەرلەوێش زانکۆی تەواو کردووە.

 

دەقی وتارەکە لەم لینکەوە بخوێنرەوە..



PM:11:39:15/12/2019