وەزیری بەرگری ئیتاڵیا: بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە

ئەمشەو سێشەممە ١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە لۆرێنزۆ گوێرینی، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و شاندێکی هاوڕێی کرد.


بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرا. وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی خۆشحاڵین بە پەیوەندی و بە هەماهەنگی بەهێزمان لە گەڵ هێزی پێشمەرگە ، ستایشی قوربانیدانەکانی پێشمەرگەش دەکەین لە شەڕی دژی تیرۆردا.

 

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا وتیشی" هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق هێشتا هەرماوە، بۆیە ئیتاڵیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە".

 

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا راشیگەیاند" کە لە مانگی داهاتوودا بەشداری و پابەندبوونمان لە شەڕی داعش و هاوکاری پێشمەرگە نوێ دەکەینەوە، چونکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هێشتا کاری زۆرمان ماوە بەیەکەوە ئەنجامی بدەین".

 

هاوکات لای خۆشییەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئیتاڵیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد و هیوای خواست پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.

 

ئیتاڵیا یەکێکە لەو وڵاتانەی بەشدارە لە راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە لە کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتی نێوەدەوڵەتی دژی داعش.

 

هەروەها ئیتاڵیا لەدوای ساڵی ٢٠١٤ نزیكەی هەزار و ٤٠٠ ڕاوێژكاری سەربازیی لە عیراق جێگیركرد كە ٨٠٠ ڕاوێژكاریان لە هەرێمی كوردستان ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن و زیاتر لە ١٥ هەزار پێشمەرگە لەسەر دەستی ئەو ڕاوێژكارانە ڕاهێنانیان وەرگرتووە.



PM:10:29:17/12/2019