نەوەی نوێ: دەبێت مووچەی فەرمانبەران زیاد بكرێت و پلەباڵاكان خانەنشین نەبن

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر كارو چالاكی ساڵی رابردوو و خۆ ئامادەكردن بۆ ساڵی داهاتوو دوایین كۆبوونەوەی سالی ٢٠١٩ ی گرێدا و ڕایگەیاند" دەبێت مووچەی فەرمانبەران زیاد بكرێت و پلەباڵاكان خانەنشین نەبن".

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە" لەکۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە کە پرۆژە یاساى چاکسازى لەکوردستان پێویستە بەجۆرێک بێت کە خزمەتى خەڵکانی کەمدەرامەت و مامناوەند و فەرمانبەرى ئاسایى بکات و پلە باڵاکانیش خانەنشینیان نەبن".

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە :

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر كارو چالاكی ساڵی رابردوو و خۆ ئامادەكردن بۆ ساڵی داهاتوو دوایین كۆبوونەوەی سالی ٢٠١٩ ی گرێدا.


لەكۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە كە پرۆژە یاسای چاكسازی لەكوردستان پێویستە بەجۆرێك بێت كە خزمەتی خەڵكانی كەمدەرامەت و مامناوەند و فەرمانبەری ئاسایی بكات و پلە باڵاكانیش خانەنشین نەبن.


هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئەنجومەنی سیاسیی دووپاتی كردەوە كە جوڵانەوەكەو ئەوەی نوێنەرایەتی جوڵانەوەكە دەكات لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناچنە ئەو بەرەیەی كە پارتی و یەكێتی و هەندێك حزبی دیكە بەناوی فراكسیۆنە كوردیەكانەوە دروستیان كردووە، چونكە جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێی وایە كە یەكێتی و پارتی لەهەر شوێنێك بن بەدوای بەرژەوەندییەكانی خۆیانەوەن نەك بەرژەوەندی خەڵك.


لەكۆبوونەوەكەدا لەگەڵ فراكسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی كوردستان جەختكرایەوە لەوەی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ وەك هەمیشە لەناو خەڵكدا بن و نزیك بن لە كێشەكانی خەڵك و بەدوای داواكارییەكانیاندا بچن، بەتایبەت كێشەكانی خەڵك سەبارەت بەپرۆژە یاسای چاكسازی.


ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەی نەوەی نوێ جارێكی تریش جەخت لەهەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەكاتەوە كە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەعێراق و هەرچی تایبەتە بەو یاسای هەڵبژاردنە كەلەئێستادا لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ پێشنیازی 100%ی كاندیدی سەربەخۆو لیستی تاكدایە كە دوور بێت لەدەستی حزب و قۆرخكردنی كایەی سیاسیی لەلایەن حزبەوە كە بەجۆرێك بێت رێگە خۆشكەر بێت بۆ هێنانە پێشەوەی گەنجان و كەسانی سەربەخۆ لەسایەی دروستكردنی كۆمسیۆنێكی سەربەخۆی بێلایەن دوور لە دابەشكاری و پشك پشكێنەی حزبی.



ئەنجومەنی سیاسیی
جوڵانەوەی نەوەی نوێ
21/12/2019

 

 




ئه‌م بابه‌ته ‌460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:51:21/12/2019