" بەغدا نزیکبۆتەوە لە دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران "

بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، دوای ئەوەی ئەمرۆ شەممە بەشداریکرد لە یەکەم رۆژی کۆنگرەی یەکێتی، ئێوارەی ئەمڕۆ گەڕایەوە بەغدا، بۆ وەرگرتنی دوا بڕیار لەسەر دەستنیشانکردنی کاندیدێک پۆستی سەرۆک وەزیران، موقتەدا سەدر ناوی " قوسەی سوهێل" دەبات.

 

بەرهەم ساڵح ئەم ئێوارەیە بە پەلە لە سلێمانی یەوە گەڕایەوە بۆ بەغداو بۆ دوا بڕیاردان لەسەر دەستنیشانکردنی کاندیدیک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە پێویستە گەورەترین کوتلە دەستنیشانی بکات. 

 

هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی هاتنی وادەی دەستوری بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، موقتەدا سەدر ئەمشەو لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توریتەر، دەڵێت " برایان لە کوتلەی بینا، برا قوسەی سوهێل، نەفرەت لە خوێن رشتنی عێراقییەکان بکە، رێز لە فەرمانەکانی مەرجەعیەت بگرە، رێز لە ئیرادەی گەل بگرە، کەرامەتیان بپارێزە، ئەوە باشترینە بۆ ئێمەو عێراقییەکان ".

 

زۆرێک لە ناوەندە سیاسیەکانی عێراق و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پاڵێوراوی کوتلەی " بینا " کە لەلایەن موقتەدا سەدریشەوە پاڵپشتی دەکرێت، قوسەی سوهەیلە.

 

ناوبراو لە دایکبووی ١٩٦٥ی شاری بەسرەیە، وەزیری خوێندنی باڵایە، دکتۆراو ماستەرەکەی لەبواری زانستیدایە، ماوەی سێ خوول ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، هەرچەندە سەر بە کوتلەی بینایە، بەڵام نزیکیشە لە تەیاری سەدری.

 

 

 هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم دەنگۆیە خۆپیشاندەران لە ئێستاوە کەوتوونەتە رەتکردنەوەی ناوبراو وپێشبینی دەکرێت کە ماڵەکەی بەدەردەکەی محەمەد سودانی ببرێت و بسووتێنرێت.

 


PM:10:39:21/12/2019