هەسەدە ئامارێکی نوێی هێرشەکانی تورکیای بڵاوکردەوە

هێرشەکانی حکوومەتی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ئاماری دوو رۆژی  رابردووی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" بە گشتی لە ئەنجامی بۆردومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکی داگیرکەر هەڤاڵێکمان بریندار بووە".

 

هەسەدە وردەکاری زیاتر بەمشێوەیە دەخاتەڕوو:

 

"هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەر و چەتەکانی بە چەکی قوڕس و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەردەوامە. لەو هێرشانەدا ناوچە مەدەنییەکان بە ئامانج دەگیرێن و ناوچە مەدەنییەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە.


سەرێکانی


گروپە چەتەکان بە چەکی قوڕس و تانک و ئۆبوس هێرشی گوندەکانی تل حەرمیل و ئوم ئەل عیشبا و تل محمد و ئەل رابیعە کردووە کە دەکەونە سەر خەتی سەرێکانی و تل تەمر و هەوڵیان داوە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەستی خۆیان بەرفراوانتر بکەن. لە ئەنجامی هێرشەکاندا ٣ کەسی مەدەنی بریندار بوون.


عین عیسا


گروپە چەتەکانی سەر بە سوپای تورکی داگیرکەر، بە چەکی قوڕس و تانک و ئۆبوس و هاوەن هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی گابار و کەفیفە و خربەت فارس. سوپای داگیرکەر بەم هێرشانە هەوڵ دەدات پانتایی ناوچە داگیرکراوەکانی خۆی، بەرفراوانتر بکات. هێرشەکان بوونە هۆکار کە زیانێکی زۆر بەر رەز و باخی هاوڵاتییان بکەوێت. هەروەها سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوچەی عەین عیسا بە فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوان، سەنگەری هێزەکانمان و ناوچە مەدەنییەکانی بۆردومان کردووە.


بە گشتی لە ئەنجامی بۆردومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکی داگیرکەر هەڤاڵێکمان بریندار بووە."



ئه‌م بابه‌ته ‌316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:09:27:22/12/2019